Thursday, October 27, 2016

                   لە ئەرتەشبوونی ژنەوە بۆ وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی
نەجیبە قەرەداغی

لە مێژووی کوردستان دا چیا واتایەکی تایبەت و جیاوازی هەیە، چیا واتای بەرگری و خۆپاراستنە. مێژووی ژیان و کەلتوری کوردستان بە چیاوە دەناسرێتەوە. زۆربەی هەرێمەکانی کوردستان لە ناو ئامێزی چیادایە. چیا گاهێک بۆتە پەناگە ، گاهێک بۆتە پاراستن، لە هەمووش گرنگتر بۆتە جێی خەڵوەتگەی قاڵبونەوە، نەک تەنیا لە ڕووی سیاسی و سەربازی بەڵکو بۆ زۆرێک لە بیرمەند و شاعیرەکانیش هەمان پێگەی هەبووە. چیا دۆست و دایکێکی میهرەبانە، لە زۆرێک لە بزوتنەوەکانی کورد دا بە تایبەتی لە سەدەی ٢٠دا خۆیان بۆ بەرەنگاربونەوەی نەیار و داگیرکەران ڕوویان لە چیاکان کردووە و لەوێ هەمان خۆیان پاراستووە و هەم ئامادەکردووە بەڵام زۆر کەم لە بزوتنەوە سیاسیەکانی کورد لە سەدەی ٢٠ دا چیا وەک منداڵدانی لە دایکبوونی هزر و بیری نوێ و لەوێوە گۆڕانکاری گەورەی کۆمەڵایەتی بینیوە. ئەو تێگەیشتنە لە چیا لە مێژەوە هەر وا هاتووە و هەرواش درێژ بۆتەوە بۆ ڕۆژی ئەمرۆ. لە هەموو بەشەکانی کوردستان دا کاتێ بزوتنەوەی کورد لە  شارەکان تەنگیان پێهەڵچنرا و ڕێیان پێ نەدرا کاری سیاسی بکەن، ڕوویان لە چیاکان کرد. نزیکەی هەموو بزوتنەوەکانی کورد لە سەدەی ٢٠ دا چیاکانیان تەنیا بۆ خۆمۆڵدان بەکارهێناوە و تەنیا لە ڕووی خۆسازدانەوەی سەربازی و پاراستن سودیان لێ بینیوە. تەنانەت سەختیەکانی ژیانی چیایان وەک کێویبوون و دووربوون لە ژیانی "شارستانی " شار بینیوە. هەروا ڕێکەوت نیە کە لە باشوری کوردستان سەردەمانێکە گفتوگۆی " ژیانی چیا و شار " و  جیاکردنەوە و پۆلێن کردنی سیاسەتمەداری چیا و شار بەکاردێنن و ئەو گفتوگۆیە دێنن و دەبەن ناتوانن ئەنجامێکی لێ هەڵێنجن، لەبەرئەوەی مەسەلەکە لە خودی چیا دەبیننەوە نەک لە ڕووی هزر و زهنیەتی بزوتنەوە سیاسیەکان.
تا هەشتاکانیش بەشداری لە خەباتی سیاسی و سەربازی و ڕووکردنە چیاکان، کارێکتەرێکی پیاوانەی هەبوو و بەزۆری پیاوان ڕوویان لە چیاکانی کوردستان کرد، بەڵام لەو ساڵانە بە دواوە کارێکتەری خەبات لە چیاکانەوە گۆڕا ، کارێکتەرێکی نوێی بە خۆوەگرت. چیاکان رۆڵی مێژوویی خۆی بینیوە. لە خۆڕا نیە کە باس لە خوداوەندی عەشتار و کەوانەی زێرینی زاگرۆس-تۆرۆس دەگرێت و ڕەهەندە مێژووییەکەی بە بیر دێنرێتەوە. بەڵێ بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد بە ڕێبەری بەڕێز ئۆجالان لە کارێکتەری خەباتی چیاکان دا وەرچەرخانێکی گەورەی ئەنجام دا. سەدان ئەدەبیاتی هزری و ئایدۆلۆژی لە سەر بایەخی چیاکان بۆ بزوتنەوەی کورد و بە تایبەتی ژنان نوسی و پێشکەش بە کۆمەڵگەی کورد و رۆژهەڵاتی ناوین کرد. ئیتر چیاکان لە هەشتاکانەوە پڕ بووە لە یادەوەری مێژوویی، یادەوەریەک کە بەردی بناغەی گۆڕانکاریەکی گەورەی کۆمەڵایەتی داڕشت، هەر بن بەردێک بووە خوێندگە، هەر ئەشکەوتێک بووە ئاکادیمی، هەر لاڕێک بووە جێی نوسین و خوێندنەوە، هەر بن دارێک بووە جێی گفتوگۆ و بە خۆداچونەوە، هەر کۆنفرانس و کۆنگرەیەک لە چیاکان دا بووە جێی ڕەخنە و ڕەخنەدان و تێکۆشانی ڕەگەزی. چیا ئیتر ئاوس بوو بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی. ساڵانی کۆتایی ٨٠ و ساڵانی ٩٠کان دا سەردەمی ژانی لە دایکبوونەوەیەکی نوێی کۆمەڵگە بوو بە فەلسەفەیەکی نوێ.

ئەو تێکۆشانە لە نێو بزوتنەوەکانی کورد لە چیاکان دا مێژوویەکی جیاوازی هەیە بەڵام ئەوەی ڕێبەر ئۆجالان و بزوتنەوەکەی کردی نوسینەوەی مێژووییەکی نوێ بوو لە دەرەوەی مێژووی باو. چیاکان بۆ بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد بە ڕێبەری پەکەکە تەنیا جێی پاراستنی جەستەیی نەبوو، بەڵکو چیاکان زۆر واتای تری بۆ کورد بەخشی. جگە لە زەمینەی چیاکان و کامپەکانی پەرورەدە ، چ دەرفەتێکی تر نەبوو کە ژنان خۆیان ئامادە بکەن ، رێکخستن و پەروەردە بکەن و هەنگاوی یەکلابونەوە لە چەمکەکانی تێکۆشان و شەڕی ڕاستەقینەی گەیشتن بە حەقیقەت. حەقیقەتێک کە بە مێژووییەکی نوسراوی دەستی دەسەڵاتداران و زهنیەتی پیاوسالاری، ڕەش و پەردەپۆش کراوە. گۆڕانکاری و وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی کورد دا بەشێکی زۆری قەرزارباری تێکۆشان و مانەوەیە لە زەمینەی چیاکان دا، یەکەم جار بوو لە مێژووی کوردستان دا چیاکان منداڵی هزری نوێ بێ بۆ کۆمەڵگە لە پێدەشتەکان. هزری نوێ و وزە و یادەوەری کۆمەڵگە دەگەیشتەوە یەک بۆ سەرهەڵدانی ناسنامەیەکی نوێ. ناسنامەی باو وێنەی کۆمەڵگەی لە کۆمەڵگەیەکی چاولەدەر و کڕوزانەوە و پاڕانەوە و بەردەوام قوربانی و مەغدور گۆڕی بە ناسنامەی کۆمەڵگەیەک و لە کۆمەڵگەیەدا بەناسنامەی ژنانێک کە هەم بەرگری و هەم بونیادنان، بونیادنان لە سەر بنەمای فەلسەفەی دیموکراسی، ئازادی ڕەگەزی، و ئەکۆلۆژی-ژینگەیی .
پەکەکە لە ساڵانی هەشتاکانەوە چیاکانی وەک جێی تێکۆشان هەڵبژارد و دەستی بە پرۆسەیەکی نوێی خۆڕێکخستن کردن و لەوێ ژیانی شۆرشگێڕی پێناسەکردەوە. چیا بووە جێی و واری هەزاران گەنج . ئەوە وەک شەپۆلێكی دەریا بڵاوبۆوە لەو شەپۆلەدا بەشداری ژنان لە ڕووی ژمارەوە بەهێندەی پیاوانیش نەبێ، بەڵام بەشداری ژنان ماهیەت و مەغزایەکی قوڵی هەبوو. بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلا و ڕووکردنە زەمینەی چیا بە واتای تێکشکاندنی هەموو قەید و بەندەکان دەهات، بە واتای شکاندنی هەموو بەربەستەکان و دابڕانی ژن دەهات لە ڕووی جەستەییەوە لەو سنورەی لە خێزان دا بۆی کێشرابوو. وزەی شاراوەی ژن لە نێو سنوری ماڵ دا قەتیس دەکرا، لە ناسنامەی ژن دا جگە لە "ژنی ماڵ-کەیبانوو" یان لە ئاستێکی سنوردار نەبێ بەشداری لە کاری دەرەوەی ماڵ دا چ ناسنامەیەکی تر بۆ ژن ڕەوا نەدەبینرا، داگیرکەران لەو دەزگا ئایدۆلۆژیەی کە پێی دەلێن " خێزان" و لەو پەیوەندیە دواکەوتوو و بارکراوە بە کەسایەتی کلاسیکی و نەریتیانەی ژن و کەسایەتی باڵادەست و پیاوسالاریانەی پیاو پایەکانی داگیرکاری خۆی لە نێو کۆمەڵگەی کورد دا بەهێزدەکرد.
بەشداری ژن لە ڕیزەکانی خەبات و تێکۆشان لە چیاکان دا، زەمینەیەکی نوێی ژیانی کردەوە کە پەیوەندیەکان کۆنەکان لێکترازابوون و لە جێی ئەوە جۆرێکی تری پەیوەندی جێی دەگرتەوە کە سەختترین سەردەم بوو بۆ ژنان. پەیوەندیە کۆنە خوێنیەکان ئەو پەیوەندیانە نەبوون کە لەنێوان دوو دونیای ڕەش و سپی دا کێشرابن بەڵکو بارگاوی بوون بە ژانێکی گۆڕانکاری کە هەر بزوتنەوەی ئازادی ژن کورد دەزانێ ئەو سەردەمە چەند ئێش گەورە و قوڵی هەبووە بەڵام بە هەمان ئەندازەش بارگاوی بوو بە جۆش و خرۆشی پچڕاندنی ئەو بەربەست و بەندانەی کە هەزاران ساڵە لە ژنەوە ئاڵابوون. لە هەموو گرنگتر وزە، ڕۆح، جەوهەر و هێزی ژن لە چیاکان دا دەرکەوتن، سەرەتا ژمارە و دواتریش لە ڕووی چۆنێتیەوە تا هات بەشداری ژنان مەزنتر دەبوو. وەک ئەوەی دەرگای قەفەزێک شکا بێ، بێ ئاوڕدانەوە بازدان، بێ سڵەمینەوە هەنگاونان خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو ژنانە بوون. سەرمەستانە هەنگاویان دەنا بەڵام کەمێکیشیان لە درکی ئەوەدا بوون ئەوەی بۆی دەچن بەشێوەکی تاقەتپڕوکێن پێویستی بە ئیرادە، رێکخستن بوون و خۆڕاگری هەیە بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانی کەسایەتی ئازادیخواز.
بەشداری تاک و تەرای ژنان لە ڕیزەکانی ڕێکخستن و تێکۆشان دا لە کۆتایی هەفتاکان و زیادبوونی ژمارە لە سەرەتای هەشتاکان دا، پێشەنگی ژنە تێکۆشەری یەکەم لە نێو ڕیزەکانی پەکەکە ساکنە جانسز و بەرخودانە مێژووییەکەی لە زیندانی ئامەد ئیتر ڕێیەکی نوێی پیشاندەدا کە گەڕانەوەی بۆ نەبوو. ئەو ڕێیەی کە پڕبوو لە دڕکەزی و نشێو و هەورازی سەخت. ڕێی شەڕ و تێکۆشان لە بەرامبەر دوو دوژمن دوژمنێک کە لە داگیرکاریەکی سەدان ساڵەدا بەرجەستە و ئەوەی دیکە لە دوو ئەقلیەت رۆژانە سەرسەختانە پێویستی بە شەڕێکی واتادار بوو لەبەرامبەر زهنیەتێکی پیاوسالاری کەڵەکەبووی هەزاران ساڵ تێکەڵ بە دواکەوتویی کۆمەڵگە و پێکهاتە خێلەکەی و ئەوەی دیکەی کارێکتەری ئەو ژنەی کە باوەڕی بە خۆی نەبوو، یەکەم جار بوو لە دەرەوەی باڵادەستی خێزان و هزرە پیاوسالاریەکەی چیاکان خۆی فڕی دەداتە ئامێزی چیاکانە. ژنان ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت، سەختتر لە شەڕی چەکداری دەبنەوە. چیاکان و بن تاشەبەردەکان و ئەشکەوتەکانی ئیتر ماڵە گەورەکەیانە، پەیوەندیەکان ڕەخنەکار و بونیادنەرن، گاهێکیش بەهۆی مانەوەی کارێکتەری کۆن و سستی خۆبونیادن پەیوەندیەکان جار و بار تاک لایەنە و جار و باریش دوو لایەنە ناکۆک و ڕوخێنەرن، بەڵام ئیتر ئەوە زەمینەیەکی نوێ بوو کە ئەو تێکۆشان و شەڕەی یەکلادەکردەوە، کە ڕێبەر ئۆجالان بە "شەڕی جوانبوون" بەناوی دەکرد. مێژووی ئەرتەش بونی ژن وەها دەستی پێکرد، چونکە ئیتر هەزاران ژن نەدەکرا لە زەمینەی یەکینەدا جێ بکرێنەوە.

سالانی ٩٠تا ٩٢ بۆ ژن سالێکی بەشداری فراوانبوو، هەم لە ڕووی چۆنێتی و هەم چەندایەتی خۆی گەیادە هێزێکی مەزن، دوای ساڵانی ٩٠ کان بەشداری ژن لە سەرهەڵدانەکان و ریزەکانی گەریلا رۆحی نەتەوەیی بەهێزتر کرد. بەشداری ژن لە ڕیزەکانی گەریلا کاریگەری لە هەموو کۆمەلگە کرد و بەشداریەکی گشتی لێکەوتەوە. ئەو پێشکەوتنانە زەمینەی ئەرتەشبونی ژنی ئامادە دەکرد و پێویستی بە هێزێکی ژن هاتە ئاراوە. لە سالی ٩٣ دا ساڵی بڕیاردان بوو لە ئەرتەشبونی ژن دا ئەو گفتوگۆیانەی کە کرا بونە زەمینەیەکی تیۆری بۆ ئەرتەشبونی ژن. لەبەرامبەریشی چەندین هەلوێستی دژبەریش هەبوون. دواکەوتوویی، زهنیەتی خێلەکی باڵادەست دەبوو تەگەرە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لەبەرئەوەی کە ئەو هەلوێستە وەک دیدێک لە ژنی ئازاد و بەهێز دەترسا.  لە سالی ٩٣ دا هەم سالی بەهێز بوون و پێشکەوتن بوو، هەم سالێک بوو کە هەول دەدرا ژنان لە جەوهەری خۆیان دوورخرێنەوە و بۆ ئەوەش فشارێکی زۆری بۆ ژیانی گەریلا دەهێنا. لەلایەکەوە پرۆسەیەکی درێژخایەنی خەبات دریژەی پێدەدرا، بە رەنج و هەولێکی زۆری رێبەر ئۆجالان لەو سالەدا جاری یەکەم بوو کە ئەرتەشبونی ژن ڕاگەیەنرا و بڕیار درا کە ژن چەکدار بکرێ و لەو سەنگەرەدا رێکخستن بکرێ.
لەبەرامبەر بەوە هەلوێستی ڕەتکردنەوەی ئەرتەشبونی ژن نیشان دەدرا، ئەوەش خۆی لە خوی کۆیلایەتی و زهنیەتی دەستەلاتداری نێرسالاریەوە وەردەگرت. لەو قۆناغەدا دوو مەیلی جیاواز هاتنە ئاراوە: یەکەم ژن لە هەموو ڕوویەکەوە لە نێو ئەرتەشبوون دا فرێ دەداتە دەرەوە، دووەمیش ژن دەکرێ بەشداری بکات بەڵام ڕۆلێکی گرنگ و پێشەنگی پێ نادات. ئەوەش بە چ واتایەک دەهات ؟ یان ژن دەبێ لە ئەرتەش بکرێتە دەرەوە یان ژن با لە نێو ئەرتەش دا بێ بەلام بەشداری شەڕ نەبێ. دیدی نۆکەری چەتە و زهنیەتی خێلەکی دواکەوتوو لە بەرامبەرئەرتەشبوونی ژن و بەهێزبونی لە نیو بزوتنەوەدا ڕادەوەستان و  لەو قۆناغەدا ئەو هەلوێستە بەکاریگەر بوو و لە ئاستی بەرز دا گوشاری دەهێنا و ستەمی لە ژن دەکرد و لاوازی ژنی لە ڕووی جەستییەوە سەرزەنشتە دەکرد.
ئەو دید و مەیلە سەرەتا ویستیان ژن وەک ئامرازێکی ڕەگەزی بەکاربێنن و پەرەیان بە ڕزین و هەوڵی داڕمانیان دا لە پرەنیسپەکانی ژیانی شۆرشگێری دەدا، بەڵام دوای ئەوەی بەشداری ژن ڕوو لە زیاد بوون دەکات چەمکێکیان بڵاو کردەوە بە نێو گەریلادا کە " ژن ناتوانێ لە چیا شەڕ بکات و بژی ". لە سەر ئەو بنەمایە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە ڕیزەکانی ئەرتەشی گەریلا دووردەخرانەوە. ئەمجارەیان هەلوێستەکان لەوانەی پێشو خۆی زیاتر ڕۆچوو، ژنی لە ئەرتەشی گەریلا پەراوێز نەکرد بەڵکو بەو چەمکەی کە ژن دەکرێ لە نێو ئەرتەش دا بن بەڵام ئەمجارەیان بۆ خزمەتی پیاو بێ. بەڵام هەردوو چەمکیش سەرچاوەی خۆیان لە هەمان عەقلیەتەوە دەگرت، ئەو مەیدانی بەرەنگاربونەوەیە بۆ ژنان یەکلاکەرەوە بۆ شەڕی دژ بە داگیرکەران ئەگەر ژنان لەناوخۆدا سەرکەوتنایە ئەوە دەبوو وزەیەک بۆ شەڕی دەرەکی دژ بە داگیرکەرانیش دەخرۆشا، ئەمە فەلسەفەی سەرەکی دارێژەری ئایدۆلۆژی ئەو بزوتنەوەیە ڕێبەر ئۆجالان بوو.
لەسەر ئەو بنەمایە ساڵی ١٩٩٣ لە زەلێ بڕیاری کۆنگرەی نەتەوەیی ژن درا. لەو پرۆسەیەدا ٥٥٠ ژن لە زەلێ کۆبونەوە.  ئەو ئاست و توانستە هێزێكی گەورە بوو. ڕێبەر ئۆجالان بەر لە بەستنی کۆنگرەکە بە شیکاریەکانی ویستی قاڵبونەوەی ژنان لە مەسەلەی ئازادی دا قۆڵ بکاتەوە و لە زۆر بواردا پەرە بە وشیاری ژنان بدات. بەلام لەو قۆناغەدا ئیتر پەرە بە مەیلێک درابوو و کاریگەری لەسەر کۆنگرەکەش کرد. لە زۆر ڕووەوە کاریگەری پیاو و زهنیەتی نێرسالاری لەسەر ئەو کۆنگرەیە هەبوو. ئەو چەمکەی پێی وایە " ژنان ناتوانن شەڕ بکەن، ناتوانن ببنە ئەرتەش و بە پشتگیری لە پیاوان دەکرێ لە ڕووی ژیانی ڕۆژانەوە تەنیا ببنە ئامرازێک بۆ پیاوان " لە کۆنگرەکەدا ڕەنگدانەوەی هەبوو.  
دوای ئەوەش ئۆجالان بڕیار و راسپاردەکانی ئەرێ ناکات و بەو پێیە کۆنگرەی زەلێ ڕەتکرایەوە. وەک ئەنجامێکی لەو کۆنگرەیەوە دەرکەوت ژن هێشتاش ئاستی وشیاری لاوازە، بێهێز و بێ ڕێکخستنن و ئەوەش لە ڕاستی کۆنگرەکەدا زیاتر ئاشکرا بوو. لە بەرامبەر هەموو هەلوێست و چەمکە دواکەوتووەکان و گیانی کۆیلایەتی، پەرە بە هێلی ئازادی ژن درا لە کار و خەبات و ڕێکخستن دا. ئەرتەشبوونی ژن پێویستی بە زەمینەی نوێی خۆڕێکخستن کردن و وشیارکردنەوە هەبوو چ لە ڕووی ئایدۆلۆژی، چ سیاسی و چ رێکخستنیەوە. تەڤگەری ژنان لە ساڵی ١٩٩٥ دا هەنگاوێکی نوێی نا . لە یەکەمین کۆنگرەی بزوتنەوەی ژنانی ئازادیخوازی گەلی کورد بەسترا. کارخەباتی رێکخستنی، کۆمەڵایەتی و سەربازی هەڵسەنگاند. شیکردنەوەی فراوانی کرد و خۆی گەیاندە ئاستی رێکخراوەبونێکی نوێ.
هەرچەندە لە ڕووی کردەییەوە لە ساڵی ١٩٩٣ دا ژن هەنگاوی ئەرتەشبوونی نا بەڵام لەو سالەدا بڕیاری دامەزراندنی رێکخراوەیەکی ژنان درا لە ئاستی کوردستان دا کە یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان بوو. لە کۆنگرەی یەکەمی دا خەباتی ژنان لەسەر بنەمای رێنماییەکانی ئۆجالان هەلسەنگاندنێکی ورد و هەمەلایەنەی لەسەرکرا.لە پەروەردە تا دامەزراندنی ناوەندێکی بڕیار، لە ئەرتەشبونەوە تا دامەزراندنی رێکخراوەیەکی نوێ و راستی ڕەنگ و دەنگی خۆی خستە مەیدان. ئەو هەنگاوە هەنگاوێکی گرنگ و چارەنوسساز بوو و ئیتر بەردی بناغەی تۆکمەی بۆ سەرەتایەکی نوێ داڕشت  کە دواتر ئامانجە کورت خایەن و ستراتیژیەکانی بینران.
ئۆجالان دەربارەی ئەو هەنگاوە دەلێ " بزوتنەوەی ژن لە هەموو ڕوویەکەوە بڕیاری چارەنوسی خۆی دەدات . شەڕڤانان و کادێرانی ژن بە فیداکاریەک، بوێری و بە شەهیدەکانشیان پەیوەیست بوونیان بۆ ئازادی نیشانی هەموو کەسێک دا. ژن بە شەڕڤانیتی و رێکخستنی خۆیەوە ئیتر لەم ژینگەیەدا جێی خۆی هەیە . فیداکاری و شەهیدە ژنەکان هەموو لە پێناوی ئازادی دا بوو. پێویستە هەر کەس ڕێز لەوە بگرێ. پێخستن و پەرەدان بە بەهرەکانی ژنان گەورەترین چالاکی و بەهایە" .
تەنانەت لەو سەردەمی ئۆجالان لە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی خۆی لە سوریا لە پەروەردەکردنی گروپێک دا لە دیالۆگی لە گەل دوو ژنە گەریلا لێیان دەپرسی کە چی دەکەن لە چیاکان" دەلێن ئیشی رۆژانە دەکەین، پاکردنەوە و دروستکردنی حەشارگەکانمان، لێیان دەپرسێ ئەی پەروەردە، دەلێن ئەوە ناکەین، پێی دەلێ ئەی بۆ هاتن خۆ ماڵیش ئەوەتان دەکرد" . ئەو دەیویست پێیان بڵێ ژیان و تێكۆشان لە چیاکان سەرتاپا لە ژیانی ڕابردوویان دابڕاو و نوێیە، بەڵام ئەوە ژنان کە خۆیان بۆ ئەو قۆناغە سەختە ئامادە نەکردبوو، ئەوەش شەڕی سەختی ناوخۆیی ئەو بزوتنەوەیە بوو، ئەو شەڕ و تێکۆشانەی کە دەلێ" ئەوەی شەڕ بکات جوان دەبێ ئەوەی جوان بێ خۆشەویست دەبێ"
هەر بۆ ئەوەش هەنگاوی نوێی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کورد لە ساڵانی ٢٠٠٠ کان بەدواوە وێرای بوونی هێلێکی وابەستە کە لە ژێر ناوی ڕیفۆرم دا زەبری تەسفیەکارانەی لە بزوتنەوەی ژن دا ڕێبەر ئۆجالان وتی " پرۆژەی نیوچڵم دەبێ تەواو بکەن" واتە پرۆژەی ژیانی ئازاد. بزوتنەوەی ژنان لە قۆناغی یەکێتیەوە " یەکێتی ژنانی ئازادی کوردستان" ەوە بۆ قۆناغی پارتیبوونی هەنگاویان نا. فەلسەفەی ژیانی ئازاد و پەیوەندیە رێکخستنیەکان دەکرا لە چوارچێوەی پارتبونی ژن دا یەکلا ببێتەوە. ئەو رێکخراوەبوون و پارتیبوون و ئەرتەشبوونە و هەوڵ و تەقەڵاکانی ژنانی هێنایە مەیدان و ڕێکی خست و ڕەنجی ژنانی کەناڵیزەی گۆڕانکاری ڕادیکال و ڕیشەیی کرد کە لە ئاستی گۆڕانکاری مێژوویی دا یە . خەباتی ئەرتەشبونی ژن، خەباتی سەربازی و پێگەیاندنی فەماندارانی ژن بە پێشەنگی ئەو رێکخراوەیە زیاتر بایەخ و ناوبانگی بە دەستهێنا. ئیتر ئەو ڕێکخراوەبوونە بلاو دەبۆوە.

هەنگاوەکانی دواتر لەسەر بنەمای پرەنیسپگەلێک دەنران کە لەچوارچێوەی کاروخەباتی YAJK دا بەرجەستە دەکران . پرەنیسپ و پێوەرەکانی کار و خەبات داڕژران و دەبوو ژنانی لەسەر ئەو بنەمایانە پەروەردەی قوڵ بکرێن. ژنان دەیانتوانی بە خۆ پەروەردە کردن بەو پێوەر و پرەنسیپانە خۆیان لە سەر پێ بگرن لە نێو رێکخستنی گشتی دا و شەڕی ئازادی بکەن. ئەو قۆناغە وشیاری تێکۆشان لە نێو ژنان دا لە دوو بەرەوە ئیتر پەرەی دەسەند لە ئاستی تێکۆشانی نەتەوەیی و تێکۆشانی ڕەگەزی دا.

لە ژینگەیەکی کە توند وتیژی سەردەستە، خەبات بۆ ئازادی ژن وەک کارێکی ناوازەیە و ئاسان نیە . ئیتر لە هەموو کەس زیاتر ژنان درکیان بەوە دەکرد کە لە جیهانێکی هێندە کۆنەپەرست دا ژیان بە پێوەری ئازادی مەسەلەی تێکۆشانێکی بێ وێنە و تاقەت پڕوکێنە و دەبوو بڕیار بدەن و بڕیاردانیش میکانیزمای یەکەم بۆ دابڕان لە ژیانێکی کلاسیک و شەڕ کردن و تێکٶشان لە بەرامبەر هەموو ناشیرینەکان و ڕوو کردنە ژیانێکی کە هێندە ئاسان نەبوو، خۆبەخۆ لە سەرپێ مانەوە و تێکۆشان هەنگاو بەهەنگاو نزیک بونەوە لە بەهاکانی ئازادی و لە کەسی ژن دا بە دەستهێنانی بەهاکانی ئازادی بۆ کۆمەلگە بوو.

تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و هزری لە سەر ئەرتەشبوونی ژن کە ئایندەدا دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران
بێ ئاماژە کردن بەم سەرچاوەیە هیچ کەس و دەزگایەک مافی وەرگرتن و کۆپی کردن و بڵاوکردنەوەی نیە

No comments:

Post a Comment