Thursday, October 27, 2016


                            ژنۆلۆژی چیە و بۆچی؟ 

نەجیبە قەرەداغی 


   
گۆڕانکاریەکانی جیهان لەسەرەتای سەدەی ١٩ لە ڕووی پیشەسازی، تەکنیکی، سیاسی و ئابوری، ڕاستتر لە سەردەمی هەڵکشانی سەرمایەداری دا، زیاترین کاریگەری لە بواری کۆمەڵایەتی کرد. مۆدێرنیتە کە خۆی لە سێ پێگەی سەرمایەداری، دەوڵەت نەتەوە و پیشەسازگەرایی دا بەهێزکرد، کێشە و قەیرانی گەورەی لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دا دروستکرد، هەر لە تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان تاک و کۆمەڵگە تا دابڕانی تاک لە یەک و نامۆبوونی نەوەکان لە یەکتر و هتد. ئەڵبەتە " ڕزان و لێکترازانی کۆمەڵایەتی " مەبەستەکەمان بۆ کورت و پوخت دەکاتەوە. سۆسیۆلۆژی "کۆمەڵناسی" وەک زانستێک کە کاری تیۆڕی و ئاکادیمی دەکات، وەک پێویستیەک بۆ لێکۆڵێنەوە و خوێندنەوەی پەیوەندی و گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان سەریهەڵدا. زۆر لقی وەک مێژووناسی، زانستی سیاسی، مرۆڤناسی، دەروونناسی ، ئاخیرەتناسی و زۆر بواری تر لێ بۆوە و لە ژمارە نەهاتووش تێز و بەرهەمی هزری گەلاڵەکرا. بەو پێیەش سۆسیۆلۆژی وەک جۆرێک لە ئالەنگاری مۆدێرنیتە و خوێندنەوە و چارەسەرکردنی ئەو داڕزان ولێکترازانە کۆمەڵایەتیانەی کە تاک و کۆمەڵگەی ڕووبەڕووی دەبویەوە، هاتە مەیدان.
ئەگەر بێ ژمارە لقەکانی زانستی کۆمەڵایەتی بەرهەمهات، ئەدی ئەو هەموو کێشە، ئالۆزی، داڕزان و لێکترازانە کۆمەڵایەتی، توند وتیژی و نەخۆشیە کۆمەڵایەتیانە چیە کە هەر ڕۆژ قوڵتر دەبێتەوە و هی نوێی لێ زیاد دەبێت. ئەدی ئەو شەڕە 5 هەزار ساڵەیە بۆ یەکلانەبۆتەوە کە دەوڵەت، دەسەڵاتداری و پیاوسالاری لەبەرامبەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بە تایبەتی ژن بەڕێوەی بردووە. 
      بێ گومان هەموو هزرەکان لە مێژووی مرۆڤایەتی دا چ میتۆلۆژی، ئایین، فەلسەفە و دواترینیان زانستە کۆمەڵایەتیەکان بۆ چارەسەری پرسەکانی کۆمەڵگە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی مرۆڤ سەریهەڵداوە، بەڵام بەبەکارهێنانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ مسۆگەرکردنی هەبوونی خۆیان، ئەو جۆرانەی هزر لە ئامانجە سەرەکیەکانیان لایاندا. تەنانەت پەیامەکانیان لە سەردەستی زۆرێک لە فەیلەسوف و زاناکان پێچەوانەی سروشتی کۆمەڵگە و مرۆڤ بۆوە و ڕەواییان بە پێگەی دەسەڵات بەخشی. تۆماس هۆبز دەڵێ " مرۆڤ بۆتە گورگی مرۆڤ"، بانگەشەی ڕێگرتن لەوە، میکانیزمانی دەوڵەت و دەسەڵاتداری ڕەوادەکرد.. تۆماس هۆبز و فرانسیس باکۆنیش کاریگەرییان لەسەر ئۆگۆست کۆنت هەبوو. ئۆگۆست کۆنت کە بە داڕێژەری زانستی پۆزەتیڤیست دادەنرێت مێژوو دابەش دەکات بۆ سێ قۆناخ ١.قۆناخی ئاینی (لاهوت) ٢. قۆناخی میتافیزیک ٣. قۆناخی زانستی . لە قۆناخی ئایینی دا پێی وابووە کە بتپەرستی، فرەخودایی و پاشان تاکخودایی هەبووە و بۆ بەشی یەکەم کە بتپەرستیە پێی وایە کە مرۆڤ بیرکردنەوەی نەبووە. ئەم نکوڵی کردنە لە مێژووی هزر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتی نکوڵی لە سەردەمی ژنە خوداوەندەکان و ئەو بەرهەمە یەکەمانەی کە هەر یەکەیان سەمبولی داهێنانێکن، بناغەی دیدی پۆزەتیڤیزمە لەسەر مێژووناسی و زاڵکردنی دیدی ئۆرینتالستیە لەسەر دەستپێکردنی مێژووی کۆمەڵگەبوون لە میزۆپۆتامیادا.
ناکۆکیەکی تری زانستە کۆمەڵایەتیەکان ئەوەیە کە زانستی بۆ هەموو دیاردە کۆمەڵایەتیەکان تەرخان کردووە، بەڵام نادیدەیە لە ئاست هەبوونێکی وەک ژن " ژن نەک وەک هەبوونێکی بایۆلۆژی" بەڵکو وەک هەبوونێکی کۆمەڵایەتی و بەرپاکەری یەکەم شۆڕشی گوند و کشتوکاڵ لە مێژووی مرۆڤایەتی دا و نەک تەنیا نیوەی کۆمەڵگە، بەڵکو بناخە و خولقێنەری کۆمەڵگەیە. لە کاتێکدا کە هۆکاری سەرەکی قەیران و گێژاوی مرۆڤایەتی سەرچاوەکەی لە دەسەڵاتداریەوەیە و دەسەڵاتداریش بەپێی هزری پیاوسالاری و لەسەر بنەمای تێکشکاندنی سیستەماتیکانەی پێگەی ژن لە مێژوویی مرۆڤایەتی دا شکڵی گرتووە. لە خودی ژن دا کۆمەڵگە لە کۆمەڵگەبوون خراوە. ڕێبەر ئۆجالان دەڵێ" هەبوونێکی لەناوبراوە، بەڵام زانستی بۆ دادەڕێژرێت". لە سەر بنەمای ئەو دیدە تێدەگەین کە ئەوەی سەرەتا دەبێ بکرێت ڕاستکردنەوەی ئەو لنگەوقوچیەیە کە دۆخی مێژوو و کۆمەڵگە تێکەوتووە لە ڕووی پێناسەکردن و مەعریفەتناسیەوە. سۆسیۆلۆژیەکی کە لە ئارادایە زانستێکە کە زهنیەتی پیاوسالاری کاریگەری گەورەی لەسەر کردووە. 
زانستە کۆمەڵایەتیەکان هێندە پارچەکراوە و لەیەک دابڕێنراوە کە تەنیا بۆتە تێزگەلێکی ئەبستراکت و لە ڕاستینەی کۆمەڵگە دوورخراوەتەوە و بۆتە مەیدانێکی چەلەحانێی "ڕۆشەنبیران و کۆمەڵناسان" و لە تێز و بەرهەمی سەرکاغەزدا ماوەتەوە. زانستە کۆمەڵایەتیەکان نەیتوانیوە بێ لایەنانە و سەربەخۆبێت لەئاست دیاردەکان دا، بەڵکو لە ژێر کاریگەری دەوڵەت - نەتەوە و بەرژوەندیەکانی دەستەبژێری دەسەڵات دا بەکاردەهێنرێت.
ئەوەی لە ڕووی کردییەوە لە ژیانی کۆمەڵگەدا دەیبینین کە فەلسەفە ، ئایین و زانست بە گشتی و زانستی کۆمەلایەتی بە تایبەتی لە پاوانی پیاوسالاریدایە و دژ بە کۆمەڵگە بەکاردەهێنرێت و تەنانەت بەشێک لە کۆمەڵگە کراوەتە ئامرازی ناکۆکی و ململانێ دوایی نەهاتووەکان. ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەستە بەو ئەپستمۆلۆژی و مەعریفەتناسیەوە کە دەسەڵاتداران لە چوارچێوەی مێژووییەکی نوسراو دا بەرهەمیان هێناوە و زۆر جاریش مێژووی کۆمەڵگە و ڕەوتە چاکسازی و ڕۆشنگەرییەکانیان لە ناوبردووە. 
ژنۆلۆژی لەلایەن بزووتنەوەی ئازادی ژنی کوردەوە لەسەر بنەمای ڕەخنەی ڕیشەیی لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان دەستی پێکرد. وەک وشە ژنۆلۆژی لە دوو وشەی ژن و لۆژی پێکدێت واتە زانستی ژن یان ژنناسی. لە ساڵی ٢٠٠٨ دا ڕێبەر ئۆجالان پێشنیاری بۆ بزووتنەوەی ئازادی ژنی کورد کرد کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئازادی ژن، پرسی ئازادی پیاو و کۆمەڵگە بە گشتی لەسەر زانستی ژن-ژنۆلۆژی قاڵ ببنەوە و لەسەر ناوەڕۆکی ئەو زانستەش پێشنیارەکانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە و کار خستە ڕوو. ماوەی حەوت ساڵیشە بزووتنه‌وه‌ی ژن لێکۆڵینەوە لەو زانستە دەکات و دەیەوێ بە پێهەڵگرتنێکی نوێ لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان دا دەروازە لەسەر سەردەمێکی نوێی مەعریفی بکاتەوە هەم لەسەر بنەمای مەعریفی مێژوویی و هەم تێکۆشانی ٤٠ ساڵەی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی کوردستان لە بەرهەمهێنانی چەمک و زاراوەی نوێ لە بواری تێکۆشانی کۆمەڵایەتیەوە. 
لەڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە ئەو کاتەی کە زانست و مەعریفە تەنیا لە چوارچێوی ژیری ئەنالتیکی"شیکاری"دا گەشەی کرد لە ژیری هەستیاری و بەها ڕۆحیەکان دابڕا کارەساتی گەوری لێکەوتەوە بۆ ئەوەش پێی وایە کە " ڕۆحی مەعریفە بە بەها واتادار و جوانەکانی کۆمەڵگەبوونەوە بە دەست دێت". 
هۆکاری ئەرێنی و نەرێنی هەیە لە هێنانە ئارای ژنۆلۆژی، لە هۆکارە ئەرێنیەکان ئەو جیهانەی ژنە کە تا دواڕادە سەرکوت کراوە و وزەکەی بە ئەقلیەتی پیاوسالاری لە میکانیزمای خێزان و دەوڵەت قەتیس کراوە، ژنە نوسەری فێمینست ماری دالی دەڵێ " ژن لە درکی ئەوەدا نیە کە هەبوونێکی هەڵگری وزەی سروشتی –ژنەرژی- یە" ، ژنۆلۆژی زانستی دەرخستنی ئەو وزەیە و کەنالیزەکردنێتی بە ئاراستەی کۆمەڵگەیەکی دادوەر، یەکسان و ئازاد دا. سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی خێزان و بە رۆح و ئەقلی ژن دەستبردنە بۆ دیموکراتیزەکردنی خێزان لەچوارچێوەی تیۆڕی هاوژیانی ئازاد دا. لەو واتایەی کە هاوژیانی ئازاد تەنیا بەپەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان ژن و پیاو دەست پێناکات، بەڵکو بە پەرەپێدانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی سۆسیالیست فەراهەم دەبێت. کەی هاوسەری یان هاوژیانی دەبێتە هاوسەرێتی ئازاد، کاتێ پەیوەندیەکان لەسەربنەمای موڵک و زۆربوون نەبێ. لە هۆکارە نەرێنیەکان کە پاڵنەری هاتنە ئارای ژنۆلۆژی، بەرەنگاربوونەوەی ئەو وێرانکاری و خراپەکاریانەیە کە بە درێژایی مێژوویی دەسەڵاتداری بە تایبەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەسەر کۆمەڵگە و ژن دروستی کردووە، هەروەها توێژینەوە و تیۆڕیزەکردنی تێکۆشان لە بەرامبەر ئەو وێنە و پێگەیەیە کە ئاینە تاکخوداییەکان بۆ ژنیان داتاشیوە، بێ خزانە ناو" نکوڵیکاری پۆزەتیڤیزم و مامەڵەی پیرۆزکاریانەی ئایدیالیزم لە ئایین". واتە ڕووناکردنەوەی ئەو تاریکیە کەلەسەر مێژووی نەنوسراو هەیە. 
ژنۆلۆژی تەنیا تیۆڕی و ئاکادیمی نیە، بەڵکو ڕاستەوخۆ هەم لە ڕووی ئاکادیمی و تیۆڕیەوە، پەیوەست بە ژیانی کۆمەڵگە و ژنانەوە تێز بەرهەم دێنێت. ئەگەر ئابوری یەک لەو بوارانە بێ، لە جیهان دا ئێستا ئابوری تەنیا مەیدانێکی ململانێێ دەستبەسەرداگرتن، زەوتکردن، تاڵانکاری، گەندەڵی و مافیاگەریە و پەیوەندی بە کۆمەڵگە نەماوە و بۆ وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی کۆمەڵگە نیە، تەنانەت بەرهەمه‌ ئابوریەکانیش بۆ پێویستیە سەرەکیەکانی کۆمەڵگە نیە. بەرهەم هێنانی بۆمبی ئەتۆمی و خستەبازاڕی ٢٥٠٠ جۆری پەنیر لە هۆڵەندا جیاوازیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەک نیە لە کاتێکدا کە لە زۆرێک لە هەرێمەکانی ئەم سەر زەمینە مرۆڤ لە برسان دا دەمرن، نمونەیەکی تر ژیانی ئەو ژنەیە کە خۆی داهێنەری ئابوری بووە لە سەردەمی نیۆلۆتیک دا، بەڵام ئێستا بۆ ناچار دەکرێت بۆ قوتی ڕۆژانەی ببێتە لەشفرۆش و سواڵکەر یان ناچار ببێ بۆ بژێوی ژیانی مل بۆ هەموو سیاسەتێکی قۆرخکاری ئابوری لە نێو خێزان بگرە تا شوێنی کار کە چ بکات و زۆربەی کاتیش هاوتەریبە لەگەڵ خراپترین جۆری توندوتیژی جەستەیی و دەروونی. ژنۆلۆژی بۆ نمونە لە بواری ئابوری دا پەردە لەسەر ئەو ڕاستیە سەپێنراوە هەڵدەداتەوە و بە تێزی ئابوری کۆمیناڵ و بەشداری ڕاستەوخۆی ژن و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە ئابوری دەخاتەوە سەر سکەی ڕاستەقینەی خۆی کە یەکەم جار بە شێوەی هەروەزیانە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە بووە و ژن تێدا ناوەند بووە. 
لە ڕووی مێژووییەوە لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی نەنوسراو دەکات و لە دیدێکی بابەتیانە و پشت بە ڕاستیە مێژووییە داپۆشراوەکان لە کاروبارە ئەرکۆلۆژییەکان و نوسراوەکان دا لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە میتۆلۆژی، ئایین، فەلسەفە، داستان، چیرۆک، پەند و بەرهەمە ئەدەبی و مێژووییەکان دەکات بۆ دڕاندنی ئەوەی وەک قەدەرێک بە سەر ژن دا سەپێنراوە. 
ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوە لە ٩ هەزار ساڵی شێوەگرتنی ژن و پیاو و پێگەکانیان دەکات، لە نۆ قات"چین یان تەبەقە"دا بە وردی لەوە دەکۆڵێتەوە کە لە ژن چۆن بە میتۆلۆژی، دواتر ئایین، هەروەها بە فەلسەفە و دوایینیشیان لە سەردەمی سیستەمی سەرمایەداری گەیشت بەم دۆخەی ئێستای. ئەگەر بمەوێ بە سادەیی گوزارەی لێبکەم، ژنۆلۆژی لە کاروانی ٩ هەزار ساڵی ژن دەکۆڵێتەوە و سیحری دەوڵەت و دەسەڵاتداری بەتاڵ دەکاتەوە و درۆکانیان ئاشکرا دەکات و هەم بە کاروباری ئەرکۆلۆژی ڕاستیەکان هەڵدەکۆڵێ و شکۆ بۆ ئەو ژنانە دەگێڕێتەوە کە بوون بە ژێر کاولاشی دەوڵەت، ئیمپراتۆریەکان، هەم کۆدی دەقە متیۆلۆژییەکان کە دواتر دەبنە بناخەی سەرەکی ئاینەکان دەکاتەوە. 
یەکێكیتر لەو بوارانەی کە زۆر گرنگە لە ژنۆلۆژی دا ڕەخنەگرتنی ڕیشەییە لە فێمینیزم، چونکە زۆرێک لە ڕەوتە فێمینیستەکان پێیان وایە کە فێمینیزم هەبێ ژنۆلۆژی بۆچیە؟ لە تیۆڕی و پراکتیکی ژنۆلۆژی دا بە فراوانی ئەوە دەخرێتە ڕوو کە نکوڵیکار مامەڵە لەگەل فێمێنیزم ناکات، بەڵکو بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییە کە فێمینیزم ڕووبەڕووی بۆتەوە. ژنۆلۆژی پێی وایە کە ڕەوت و بزووتنه‌وه‌کانی فێمێنست ڕاستە کە پرسی ژنیان زەق کردۆتەوە، ڕەخنەیان لە نێرسالاری و سێکسیزم گرتووە و زەمینەی بەشداری ژنانیان لە زۆر بواردا کردەوە، بەڵام ژنۆلۆژی ڕەخنە لە دیدی ئۆرێنتالیستانەی فێمینیزم دەگرێت کە هێشتا لە ژێر کاریگەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دایە. ژنۆلۆژی دەکرێت دەروازە و میکانیزمایەک بێت بۆ فێمینستەکان کە لەگەڵ کۆمەڵگە یەکیان بخاتەوە، چونکە فێمینستەکان بوونەتە توێژێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە، وادەزانن کە تەنیا کاری ئەوان قسەکردنەو بەرهەمهێنانی تێزە. ژنۆلۆژی تەنیا ڕەخنە ناگرێت، بەڵکو ئەلتەرناتیڤی پێویستیش دەخاتەڕوو بۆ کۆمەڵگە و زەمینەی گۆڕانکاری ڕیشەیی- ڕادیکاڵ دەکاتەوە. 
ڕەخنەی ئەو ڕێکخراو و سیستەمانەی کە لە چوارچێوەی ژنۆلۆژی دا خۆیان ڕێکخستن دەکەن لە ڕەوتە فێمینیستیەکان ئەوەیە کە لەئاست ئەو شەڕەی لە جیهان دا بەرپاکراوە، پەرتەوازە، بێ ڕێکخستن و نە ڕەخنەیان هەیە و نە چالاکی. لەو دەوڵەتانەی کە کاریگەریان لەو شەڕەدا هەیە، فێمینیستەکان بێدەنگن بۆ ئەوەش ژنۆلۆژی پێی وایە کە دەبێ سەرلەنوێ فێمینیستەکان پێناسەی دۆست و دوژمن بکەنەوە. لە تیۆڕی و ڕوانگەی ژنۆلۆژیەوە گەورەترین دوژمن هەژمون و سیستەمە باڵادەستەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتداری و زهنیەتی پیاوسالاری و زهنیەتی کلاسیکانەی ژن لە هەموو جێیەک دوژمنی هاوبەشن. دوژمن بەو واتایەی کە تێکۆشان لەبەرامبەری دەکات کە ئەو ئاستەی کە گۆڕانکاری ڕیشەیی تێدا دەکات یان ڕەتی دەکاتەوە تا ئاستی خۆلێدابڕان بۆ نمونە لەبەرامبەر سیستەمی سەرمایەداری و و هەموو چەمک و دەزگاکانی. لەم قۆناخەی ئێستاش دا ژنۆلۆژی بۆتە مایەی سەرنجی زۆرێک لە بزووتنه‌وه‌کانی ژنان لە جیهان دا و دەیانەوێ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و لێی تێبگەن. 
ژنۆلۆژی زانستێک نیە کە تەنیا سنوردار بێ بە ژن، بەڵکو لێکۆڵێنەوەی وردی لەسەر دەوڵەت، دەسەڵاتداری و مێژوویی سەرهەڵدانی باوکسالاری هەیە نەک بەو رێباز و ئامرازانەی کە کۆمەڵناسی باو کاری لەسەر کردووە، بەڵکو لە ڕێباز دا چەمکی حەقیقەتی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی سۆبژە-ئوبژە نیە و ڕەهای ناکات، چونکە پێی وایە کە جیاکاری سۆبژە-ئۆبژە بەرهەمی عەقلیەتی باڵادەستی "زهنیەتی هەژموونی" یە. ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوە و زەمینەسازی پراکتیکی دیدی ژن بۆ مێژوو و ئەمرۆی کۆمەڵگە چ لە بواری سیاسی، ژینگەیی، دیمۆگرافی ، تەندروستی، پەروەردە و ئابوری و زۆر بواری دیکە کە زانستە کۆمەڵایەتیەکان ڕووکەشیانە بایەخی پێداوە. 
ژنۆلۆژی لە چاکسازی لە سیستەمێکی بنبەست و داڕماو زیاتر کار لەسەر تێزی گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکات بۆ ئەوەش لە گۆڕینی یاسایی و چاکسازی یاسایی و دەزگاکان دا کار لە سەر گۆڕانکاری زهنی لە کۆمەڵگە و تاکەکانی دا دەکات. بە واتایەکی تر ژنۆلۆژی پاکردنەوەی زهنیەتی کۆمەڵگەیە لە هەموو کاریگەری و خەوشەکانی دەسەڵاتداری، لەبەرئەوەی کە دەسەڵاتداری لە شێوەی ٤٠٠ ساڵی دوایی دا کە قۆناخی هەڵکشانی سەرمایەداری بوو، گەورەترین وێرانکاری لە زهنیەتی کۆمەڵگەدا دروستکردووە. دابڕان لە کۆمەڵگە و تاکڕەوێتی و بوونە توێژی "ڕۆشەنبیر، دەسەڵاتدار، سەرمایەدار، ... هتد" وەک مۆدێرنبوون وێنە دەکا. کام یەکێک لە ئێمە باوک و دایکممان وەک کەسی دواکەوتوو نەبینیوە؟ یان بە ڕێکردن لەگەڵیان لە جێگا گشتیەکان دا هەستمان بە شەرم نەکردبێ؟ یان خۆنیشاندانمان وەک کەسی مۆدێرن هەزاران درۆمان نەکردبێ؟ ئەمانە هەموو نەخۆشی مۆدێرنیتەن، دوورکەتنەوە لە کۆک، دوورکەوتنەوەن لە کۆمەڵگەبوون.
لەوانەیە گرنگترین پرس لەمەسەلەی ژنۆلۆژی دا ئەوە بێ کە داخۆ لە کوێ ئەم زانستە و بەچ ڕێ و ڕێبازێک بگاتە کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بە تایبەتی؟ یان تەنیا ژنان دەگرێتەوە یان پیاوانیش؟. دەبێ بزانرێ کە دامەزراندنی ئاکادیمیاکان و ناوەندەکانی پەروەردەی ئەلتەرناتیڤ گرنگترین میکانیزمان، بەڵام ئەگەر ئەمانە نەبن، بەو واتایە نایەت کە پەروەردە و دەستڕاگەیشتن بە مەعریفەی نوێ لەچوارچێوەی ژنۆلۆژی دا هەر چاوەڕیی ئەو میکانیزمانە بێ، بەڵکو لە هەرکوێیەک دەرفەت بڕەخسێ دەکرێت جێی پەروەردە بێ. لە ماڵێک دەبێ یان کونجی دەزگایەک، لە باخچەیەک دا دەبێ یان بن تاشەبەردێکی چیاکان، لە هەر جێیەک دەکرێت بێ درەنگ کەوتن بکرێتە جێی پەروەردە کردن لەسەر زانستی ژن-ژنۆلۆژی، بەڵام بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگە دەبێ ئاکادیمیای ئەلتەرناتیڤی خۆی بونیاد بنێت لەبەرامبەر بە دەزگا پەروەردەییەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتداری کە ئامانجیان هێشتنەوەی ئەو کۆیلایەتیە کە هەزاران ساڵە بە سەر ژن دا سەپێنراوە و ڕەوایی دانە بە مانەوەی پاوانی دەوڵەت لەبەرامبەر کۆمەڵگە. ئامانجی سەرەکی ژنۆلۆژیش ئەوەیە ژن و کۆمەڵگە ببێتە خاوەنی زانیاری لەسەر خۆی، چونکە ژنۆلۆژی زانستی ژن،ژیان و کۆمەڵگەیە. ژنۆلۆژی دارشتنی زانستێک نیە کە لە سفرەوە دەست پێبکات، بەڵکو هەڵگر و درێژپێدەری هەموو ئەو بەهایانەی کۆمەڵگەیە کە بە درێژایی ٥-٦ هەزار ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارەکان هەوڵی لەناوبردنیان دا، ژنۆلۆژی ئەو بەهایانە زیندوو دەکاتەوە و دەرفەتی ژیان و گەشەکردنیان بۆ فەراهەم دەکات. ژنۆلۆژی گەیشتنەوەی ژنە بەو حەقیقەتەی کە هەزاران ساڵە ئاوەژوو کراوەتەوە و ون کراوە. بۆ ئەوەش ئاکادیمیا و ناوەندەکانی پەروەردە لەهەموو بوارەکانی ئابوری، دیمۆگرافی، ئەکۆلۆژی، مێژوو، تەندروستی ، پەروەردە ، سیاسەت و ئەتیک-ئەستاتیک دەبێت لە هەموو جێیەک و بەپێی پێویستی هەر جێیەکی بایەخی پێبدرێت، دەکرێت بەپێی هەر جێیەک ئەولەویەت لە بوارێک دابێت. بە کورتی ژنۆلۆژی زانست و پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیە، هەر ئێستاش لە سەروبەندی شۆڕشی رۆژئاڤای کوردستان ئەم زانستە زیاترین زەمینەی پەرەسەندن و پراکتیک کردنی هەیە. هەر ئەوەشە کە هاندەر و پاڵنەری ژنانە و کۆمەڵگەیە لەو بەشەی کوردستان دا. ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت و ژنۆلۆژیش دەروازیەکی نوێیە، جێی مشتومڕێکی زۆر قوڵ، لە زۆرێک لەو وڵاتانی جیهان لەگەڵ فێمینیستەکان کۆنفرانس و کۆنگرەی گەورە بەستراوە بۆ نمونە لە هەولێر، چیاکانی کوردستان، ڕۆژئاڤا و باکوری کوردستان ، کۆڵن، پاریس، زۆرێک لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین ، لە ئیسپانیا، هندستان و زۆر جێی تری جیهان. ئەم بابەتە بۆ خوێنەری کورد سەرەتایە و بەردەوامی دەبێت.


تێبینی: بێ ئاماژە کردن بەم سەرچاوەیە هیچ کەس و دەزگایەک مافی وەرگرتن و کۆپی کردن و بڵاوکردنەوەی نیە



                   لە ئەرتەشبوونی ژنەوە بۆ وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی
نەجیبە قەرەداغی

لە مێژووی کوردستان دا چیا واتایەکی تایبەت و جیاوازی هەیە، چیا واتای بەرگری و خۆپاراستنە. مێژووی ژیان و کەلتوری کوردستان بە چیاوە دەناسرێتەوە. زۆربەی هەرێمەکانی کوردستان لە ناو ئامێزی چیادایە. چیا گاهێک بۆتە پەناگە ، گاهێک بۆتە پاراستن، لە هەمووش گرنگتر بۆتە جێی خەڵوەتگەی قاڵبونەوە، نەک تەنیا لە ڕووی سیاسی و سەربازی بەڵکو بۆ زۆرێک لە بیرمەند و شاعیرەکانیش هەمان پێگەی هەبووە. چیا دۆست و دایکێکی میهرەبانە، لە زۆرێک لە بزوتنەوەکانی کورد دا بە تایبەتی لە سەدەی ٢٠دا خۆیان بۆ بەرەنگاربونەوەی نەیار و داگیرکەران ڕوویان لە چیاکان کردووە و لەوێ هەمان خۆیان پاراستووە و هەم ئامادەکردووە بەڵام زۆر کەم لە بزوتنەوە سیاسیەکانی کورد لە سەدەی ٢٠ دا چیا وەک منداڵدانی لە دایکبوونی هزر و بیری نوێ و لەوێوە گۆڕانکاری گەورەی کۆمەڵایەتی بینیوە. ئەو تێگەیشتنە لە چیا لە مێژەوە هەر وا هاتووە و هەرواش درێژ بۆتەوە بۆ ڕۆژی ئەمرۆ. لە هەموو بەشەکانی کوردستان دا کاتێ بزوتنەوەی کورد لە  شارەکان تەنگیان پێهەڵچنرا و ڕێیان پێ نەدرا کاری سیاسی بکەن، ڕوویان لە چیاکان کرد. نزیکەی هەموو بزوتنەوەکانی کورد لە سەدەی ٢٠ دا چیاکانیان تەنیا بۆ خۆمۆڵدان بەکارهێناوە و تەنیا لە ڕووی خۆسازدانەوەی سەربازی و پاراستن سودیان لێ بینیوە. تەنانەت سەختیەکانی ژیانی چیایان وەک کێویبوون و دووربوون لە ژیانی "شارستانی " شار بینیوە. هەروا ڕێکەوت نیە کە لە باشوری کوردستان سەردەمانێکە گفتوگۆی " ژیانی چیا و شار " و  جیاکردنەوە و پۆلێن کردنی سیاسەتمەداری چیا و شار بەکاردێنن و ئەو گفتوگۆیە دێنن و دەبەن ناتوانن ئەنجامێکی لێ هەڵێنجن، لەبەرئەوەی مەسەلەکە لە خودی چیا دەبیننەوە نەک لە ڕووی هزر و زهنیەتی بزوتنەوە سیاسیەکان.
تا هەشتاکانیش بەشداری لە خەباتی سیاسی و سەربازی و ڕووکردنە چیاکان، کارێکتەرێکی پیاوانەی هەبوو و بەزۆری پیاوان ڕوویان لە چیاکانی کوردستان کرد، بەڵام لەو ساڵانە بە دواوە کارێکتەری خەبات لە چیاکانەوە گۆڕا ، کارێکتەرێکی نوێی بە خۆوەگرت. چیاکان رۆڵی مێژوویی خۆی بینیوە. لە خۆڕا نیە کە باس لە خوداوەندی عەشتار و کەوانەی زێرینی زاگرۆس-تۆرۆس دەگرێت و ڕەهەندە مێژووییەکەی بە بیر دێنرێتەوە. بەڵێ بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد بە ڕێبەری بەڕێز ئۆجالان لە کارێکتەری خەباتی چیاکان دا وەرچەرخانێکی گەورەی ئەنجام دا. سەدان ئەدەبیاتی هزری و ئایدۆلۆژی لە سەر بایەخی چیاکان بۆ بزوتنەوەی کورد و بە تایبەتی ژنان نوسی و پێشکەش بە کۆمەڵگەی کورد و رۆژهەڵاتی ناوین کرد. ئیتر چیاکان لە هەشتاکانەوە پڕ بووە لە یادەوەری مێژوویی، یادەوەریەک کە بەردی بناغەی گۆڕانکاریەکی گەورەی کۆمەڵایەتی داڕشت، هەر بن بەردێک بووە خوێندگە، هەر ئەشکەوتێک بووە ئاکادیمی، هەر لاڕێک بووە جێی نوسین و خوێندنەوە، هەر بن دارێک بووە جێی گفتوگۆ و بە خۆداچونەوە، هەر کۆنفرانس و کۆنگرەیەک لە چیاکان دا بووە جێی ڕەخنە و ڕەخنەدان و تێکۆشانی ڕەگەزی. چیا ئیتر ئاوس بوو بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی. ساڵانی کۆتایی ٨٠ و ساڵانی ٩٠کان دا سەردەمی ژانی لە دایکبوونەوەیەکی نوێی کۆمەڵگە بوو بە فەلسەفەیەکی نوێ.

ئەو تێکۆشانە لە نێو بزوتنەوەکانی کورد لە چیاکان دا مێژوویەکی جیاوازی هەیە بەڵام ئەوەی ڕێبەر ئۆجالان و بزوتنەوەکەی کردی نوسینەوەی مێژووییەکی نوێ بوو لە دەرەوەی مێژووی باو. چیاکان بۆ بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد بە ڕێبەری پەکەکە تەنیا جێی پاراستنی جەستەیی نەبوو، بەڵکو چیاکان زۆر واتای تری بۆ کورد بەخشی. جگە لە زەمینەی چیاکان و کامپەکانی پەرورەدە ، چ دەرفەتێکی تر نەبوو کە ژنان خۆیان ئامادە بکەن ، رێکخستن و پەروەردە بکەن و هەنگاوی یەکلابونەوە لە چەمکەکانی تێکۆشان و شەڕی ڕاستەقینەی گەیشتن بە حەقیقەت. حەقیقەتێک کە بە مێژووییەکی نوسراوی دەستی دەسەڵاتداران و زهنیەتی پیاوسالاری، ڕەش و پەردەپۆش کراوە. گۆڕانکاری و وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی کورد دا بەشێکی زۆری قەرزارباری تێکۆشان و مانەوەیە لە زەمینەی چیاکان دا، یەکەم جار بوو لە مێژووی کوردستان دا چیاکان منداڵی هزری نوێ بێ بۆ کۆمەڵگە لە پێدەشتەکان. هزری نوێ و وزە و یادەوەری کۆمەڵگە دەگەیشتەوە یەک بۆ سەرهەڵدانی ناسنامەیەکی نوێ. ناسنامەی باو وێنەی کۆمەڵگەی لە کۆمەڵگەیەکی چاولەدەر و کڕوزانەوە و پاڕانەوە و بەردەوام قوربانی و مەغدور گۆڕی بە ناسنامەی کۆمەڵگەیەک و لە کۆمەڵگەیەدا بەناسنامەی ژنانێک کە هەم بەرگری و هەم بونیادنان، بونیادنان لە سەر بنەمای فەلسەفەی دیموکراسی، ئازادی ڕەگەزی، و ئەکۆلۆژی-ژینگەیی .
پەکەکە لە ساڵانی هەشتاکانەوە چیاکانی وەک جێی تێکۆشان هەڵبژارد و دەستی بە پرۆسەیەکی نوێی خۆڕێکخستن کردن و لەوێ ژیانی شۆرشگێڕی پێناسەکردەوە. چیا بووە جێی و واری هەزاران گەنج . ئەوە وەک شەپۆلێكی دەریا بڵاوبۆوە لەو شەپۆلەدا بەشداری ژنان لە ڕووی ژمارەوە بەهێندەی پیاوانیش نەبێ، بەڵام بەشداری ژنان ماهیەت و مەغزایەکی قوڵی هەبوو. بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلا و ڕووکردنە زەمینەی چیا بە واتای تێکشکاندنی هەموو قەید و بەندەکان دەهات، بە واتای شکاندنی هەموو بەربەستەکان و دابڕانی ژن دەهات لە ڕووی جەستەییەوە لەو سنورەی لە خێزان دا بۆی کێشرابوو. وزەی شاراوەی ژن لە نێو سنوری ماڵ دا قەتیس دەکرا، لە ناسنامەی ژن دا جگە لە "ژنی ماڵ-کەیبانوو" یان لە ئاستێکی سنوردار نەبێ بەشداری لە کاری دەرەوەی ماڵ دا چ ناسنامەیەکی تر بۆ ژن ڕەوا نەدەبینرا، داگیرکەران لەو دەزگا ئایدۆلۆژیەی کە پێی دەلێن " خێزان" و لەو پەیوەندیە دواکەوتوو و بارکراوە بە کەسایەتی کلاسیکی و نەریتیانەی ژن و کەسایەتی باڵادەست و پیاوسالاریانەی پیاو پایەکانی داگیرکاری خۆی لە نێو کۆمەڵگەی کورد دا بەهێزدەکرد.
بەشداری ژن لە ڕیزەکانی خەبات و تێکۆشان لە چیاکان دا، زەمینەیەکی نوێی ژیانی کردەوە کە پەیوەندیەکان کۆنەکان لێکترازابوون و لە جێی ئەوە جۆرێکی تری پەیوەندی جێی دەگرتەوە کە سەختترین سەردەم بوو بۆ ژنان. پەیوەندیە کۆنە خوێنیەکان ئەو پەیوەندیانە نەبوون کە لەنێوان دوو دونیای ڕەش و سپی دا کێشرابن بەڵکو بارگاوی بوون بە ژانێکی گۆڕانکاری کە هەر بزوتنەوەی ئازادی ژن کورد دەزانێ ئەو سەردەمە چەند ئێش گەورە و قوڵی هەبووە بەڵام بە هەمان ئەندازەش بارگاوی بوو بە جۆش و خرۆشی پچڕاندنی ئەو بەربەست و بەندانەی کە هەزاران ساڵە لە ژنەوە ئاڵابوون. لە هەموو گرنگتر وزە، ڕۆح، جەوهەر و هێزی ژن لە چیاکان دا دەرکەوتن، سەرەتا ژمارە و دواتریش لە ڕووی چۆنێتیەوە تا هات بەشداری ژنان مەزنتر دەبوو. وەک ئەوەی دەرگای قەفەزێک شکا بێ، بێ ئاوڕدانەوە بازدان، بێ سڵەمینەوە هەنگاونان خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو ژنانە بوون. سەرمەستانە هەنگاویان دەنا بەڵام کەمێکیشیان لە درکی ئەوەدا بوون ئەوەی بۆی دەچن بەشێوەکی تاقەتپڕوکێن پێویستی بە ئیرادە، رێکخستن بوون و خۆڕاگری هەیە بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانی کەسایەتی ئازادیخواز.
بەشداری تاک و تەرای ژنان لە ڕیزەکانی ڕێکخستن و تێکۆشان دا لە کۆتایی هەفتاکان و زیادبوونی ژمارە لە سەرەتای هەشتاکان دا، پێشەنگی ژنە تێکۆشەری یەکەم لە نێو ڕیزەکانی پەکەکە ساکنە جانسز و بەرخودانە مێژووییەکەی لە زیندانی ئامەد ئیتر ڕێیەکی نوێی پیشاندەدا کە گەڕانەوەی بۆ نەبوو. ئەو ڕێیەی کە پڕبوو لە دڕکەزی و نشێو و هەورازی سەخت. ڕێی شەڕ و تێکۆشان لە بەرامبەر دوو دوژمن دوژمنێک کە لە داگیرکاریەکی سەدان ساڵەدا بەرجەستە و ئەوەی دیکە لە دوو ئەقلیەت رۆژانە سەرسەختانە پێویستی بە شەڕێکی واتادار بوو لەبەرامبەر زهنیەتێکی پیاوسالاری کەڵەکەبووی هەزاران ساڵ تێکەڵ بە دواکەوتویی کۆمەڵگە و پێکهاتە خێلەکەی و ئەوەی دیکەی کارێکتەری ئەو ژنەی کە باوەڕی بە خۆی نەبوو، یەکەم جار بوو لە دەرەوەی باڵادەستی خێزان و هزرە پیاوسالاریەکەی چیاکان خۆی فڕی دەداتە ئامێزی چیاکانە. ژنان ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت، سەختتر لە شەڕی چەکداری دەبنەوە. چیاکان و بن تاشەبەردەکان و ئەشکەوتەکانی ئیتر ماڵە گەورەکەیانە، پەیوەندیەکان ڕەخنەکار و بونیادنەرن، گاهێکیش بەهۆی مانەوەی کارێکتەری کۆن و سستی خۆبونیادن پەیوەندیەکان جار و بار تاک لایەنە و جار و باریش دوو لایەنە ناکۆک و ڕوخێنەرن، بەڵام ئیتر ئەوە زەمینەیەکی نوێ بوو کە ئەو تێکۆشان و شەڕەی یەکلادەکردەوە، کە ڕێبەر ئۆجالان بە "شەڕی جوانبوون" بەناوی دەکرد. مێژووی ئەرتەش بونی ژن وەها دەستی پێکرد، چونکە ئیتر هەزاران ژن نەدەکرا لە زەمینەی یەکینەدا جێ بکرێنەوە.

سالانی ٩٠تا ٩٢ بۆ ژن سالێکی بەشداری فراوانبوو، هەم لە ڕووی چۆنێتی و هەم چەندایەتی خۆی گەیادە هێزێکی مەزن، دوای ساڵانی ٩٠ کان بەشداری ژن لە سەرهەڵدانەکان و ریزەکانی گەریلا رۆحی نەتەوەیی بەهێزتر کرد. بەشداری ژن لە ڕیزەکانی گەریلا کاریگەری لە هەموو کۆمەلگە کرد و بەشداریەکی گشتی لێکەوتەوە. ئەو پێشکەوتنانە زەمینەی ئەرتەشبونی ژنی ئامادە دەکرد و پێویستی بە هێزێکی ژن هاتە ئاراوە. لە سالی ٩٣ دا ساڵی بڕیاردان بوو لە ئەرتەشبونی ژن دا ئەو گفتوگۆیانەی کە کرا بونە زەمینەیەکی تیۆری بۆ ئەرتەشبونی ژن. لەبەرامبەریشی چەندین هەلوێستی دژبەریش هەبوون. دواکەوتوویی، زهنیەتی خێلەکی باڵادەست دەبوو تەگەرە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لەبەرئەوەی کە ئەو هەلوێستە وەک دیدێک لە ژنی ئازاد و بەهێز دەترسا.  لە سالی ٩٣ دا هەم سالی بەهێز بوون و پێشکەوتن بوو، هەم سالێک بوو کە هەول دەدرا ژنان لە جەوهەری خۆیان دوورخرێنەوە و بۆ ئەوەش فشارێکی زۆری بۆ ژیانی گەریلا دەهێنا. لەلایەکەوە پرۆسەیەکی درێژخایەنی خەبات دریژەی پێدەدرا، بە رەنج و هەولێکی زۆری رێبەر ئۆجالان لەو سالەدا جاری یەکەم بوو کە ئەرتەشبونی ژن ڕاگەیەنرا و بڕیار درا کە ژن چەکدار بکرێ و لەو سەنگەرەدا رێکخستن بکرێ.
لەبەرامبەر بەوە هەلوێستی ڕەتکردنەوەی ئەرتەشبونی ژن نیشان دەدرا، ئەوەش خۆی لە خوی کۆیلایەتی و زهنیەتی دەستەلاتداری نێرسالاریەوە وەردەگرت. لەو قۆناغەدا دوو مەیلی جیاواز هاتنە ئاراوە: یەکەم ژن لە هەموو ڕوویەکەوە لە نێو ئەرتەشبوون دا فرێ دەداتە دەرەوە، دووەمیش ژن دەکرێ بەشداری بکات بەڵام ڕۆلێکی گرنگ و پێشەنگی پێ نادات. ئەوەش بە چ واتایەک دەهات ؟ یان ژن دەبێ لە ئەرتەش بکرێتە دەرەوە یان ژن با لە نێو ئەرتەش دا بێ بەلام بەشداری شەڕ نەبێ. دیدی نۆکەری چەتە و زهنیەتی خێلەکی دواکەوتوو لە بەرامبەرئەرتەشبوونی ژن و بەهێزبونی لە نیو بزوتنەوەدا ڕادەوەستان و  لەو قۆناغەدا ئەو هەلوێستە بەکاریگەر بوو و لە ئاستی بەرز دا گوشاری دەهێنا و ستەمی لە ژن دەکرد و لاوازی ژنی لە ڕووی جەستییەوە سەرزەنشتە دەکرد.
ئەو دید و مەیلە سەرەتا ویستیان ژن وەک ئامرازێکی ڕەگەزی بەکاربێنن و پەرەیان بە ڕزین و هەوڵی داڕمانیان دا لە پرەنیسپەکانی ژیانی شۆرشگێری دەدا، بەڵام دوای ئەوەی بەشداری ژن ڕوو لە زیاد بوون دەکات چەمکێکیان بڵاو کردەوە بە نێو گەریلادا کە " ژن ناتوانێ لە چیا شەڕ بکات و بژی ". لە سەر ئەو بنەمایە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە ڕیزەکانی ئەرتەشی گەریلا دووردەخرانەوە. ئەمجارەیان هەلوێستەکان لەوانەی پێشو خۆی زیاتر ڕۆچوو، ژنی لە ئەرتەشی گەریلا پەراوێز نەکرد بەڵکو بەو چەمکەی کە ژن دەکرێ لە نێو ئەرتەش دا بن بەڵام ئەمجارەیان بۆ خزمەتی پیاو بێ. بەڵام هەردوو چەمکیش سەرچاوەی خۆیان لە هەمان عەقلیەتەوە دەگرت، ئەو مەیدانی بەرەنگاربونەوەیە بۆ ژنان یەکلاکەرەوە بۆ شەڕی دژ بە داگیرکەران ئەگەر ژنان لەناوخۆدا سەرکەوتنایە ئەوە دەبوو وزەیەک بۆ شەڕی دەرەکی دژ بە داگیرکەرانیش دەخرۆشا، ئەمە فەلسەفەی سەرەکی دارێژەری ئایدۆلۆژی ئەو بزوتنەوەیە ڕێبەر ئۆجالان بوو.
لەسەر ئەو بنەمایە ساڵی ١٩٩٣ لە زەلێ بڕیاری کۆنگرەی نەتەوەیی ژن درا. لەو پرۆسەیەدا ٥٥٠ ژن لە زەلێ کۆبونەوە.  ئەو ئاست و توانستە هێزێكی گەورە بوو. ڕێبەر ئۆجالان بەر لە بەستنی کۆنگرەکە بە شیکاریەکانی ویستی قاڵبونەوەی ژنان لە مەسەلەی ئازادی دا قۆڵ بکاتەوە و لە زۆر بواردا پەرە بە وشیاری ژنان بدات. بەلام لەو قۆناغەدا ئیتر پەرە بە مەیلێک درابوو و کاریگەری لەسەر کۆنگرەکەش کرد. لە زۆر ڕووەوە کاریگەری پیاو و زهنیەتی نێرسالاری لەسەر ئەو کۆنگرەیە هەبوو. ئەو چەمکەی پێی وایە " ژنان ناتوانن شەڕ بکەن، ناتوانن ببنە ئەرتەش و بە پشتگیری لە پیاوان دەکرێ لە ڕووی ژیانی ڕۆژانەوە تەنیا ببنە ئامرازێک بۆ پیاوان " لە کۆنگرەکەدا ڕەنگدانەوەی هەبوو.  
دوای ئەوەش ئۆجالان بڕیار و راسپاردەکانی ئەرێ ناکات و بەو پێیە کۆنگرەی زەلێ ڕەتکرایەوە. وەک ئەنجامێکی لەو کۆنگرەیەوە دەرکەوت ژن هێشتاش ئاستی وشیاری لاوازە، بێهێز و بێ ڕێکخستنن و ئەوەش لە ڕاستی کۆنگرەکەدا زیاتر ئاشکرا بوو. لە بەرامبەر هەموو هەلوێست و چەمکە دواکەوتووەکان و گیانی کۆیلایەتی، پەرە بە هێلی ئازادی ژن درا لە کار و خەبات و ڕێکخستن دا. ئەرتەشبوونی ژن پێویستی بە زەمینەی نوێی خۆڕێکخستن کردن و وشیارکردنەوە هەبوو چ لە ڕووی ئایدۆلۆژی، چ سیاسی و چ رێکخستنیەوە. تەڤگەری ژنان لە ساڵی ١٩٩٥ دا هەنگاوێکی نوێی نا . لە یەکەمین کۆنگرەی بزوتنەوەی ژنانی ئازادیخوازی گەلی کورد بەسترا. کارخەباتی رێکخستنی، کۆمەڵایەتی و سەربازی هەڵسەنگاند. شیکردنەوەی فراوانی کرد و خۆی گەیاندە ئاستی رێکخراوەبونێکی نوێ.
هەرچەندە لە ڕووی کردەییەوە لە ساڵی ١٩٩٣ دا ژن هەنگاوی ئەرتەشبوونی نا بەڵام لەو سالەدا بڕیاری دامەزراندنی رێکخراوەیەکی ژنان درا لە ئاستی کوردستان دا کە یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان بوو. لە کۆنگرەی یەکەمی دا خەباتی ژنان لەسەر بنەمای رێنماییەکانی ئۆجالان هەلسەنگاندنێکی ورد و هەمەلایەنەی لەسەرکرا.لە پەروەردە تا دامەزراندنی ناوەندێکی بڕیار، لە ئەرتەشبونەوە تا دامەزراندنی رێکخراوەیەکی نوێ و راستی ڕەنگ و دەنگی خۆی خستە مەیدان. ئەو هەنگاوە هەنگاوێکی گرنگ و چارەنوسساز بوو و ئیتر بەردی بناغەی تۆکمەی بۆ سەرەتایەکی نوێ داڕشت  کە دواتر ئامانجە کورت خایەن و ستراتیژیەکانی بینران.
ئۆجالان دەربارەی ئەو هەنگاوە دەلێ " بزوتنەوەی ژن لە هەموو ڕوویەکەوە بڕیاری چارەنوسی خۆی دەدات . شەڕڤانان و کادێرانی ژن بە فیداکاریەک، بوێری و بە شەهیدەکانشیان پەیوەیست بوونیان بۆ ئازادی نیشانی هەموو کەسێک دا. ژن بە شەڕڤانیتی و رێکخستنی خۆیەوە ئیتر لەم ژینگەیەدا جێی خۆی هەیە . فیداکاری و شەهیدە ژنەکان هەموو لە پێناوی ئازادی دا بوو. پێویستە هەر کەس ڕێز لەوە بگرێ. پێخستن و پەرەدان بە بەهرەکانی ژنان گەورەترین چالاکی و بەهایە" .
تەنانەت لەو سەردەمی ئۆجالان لە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی خۆی لە سوریا لە پەروەردەکردنی گروپێک دا لە دیالۆگی لە گەل دوو ژنە گەریلا لێیان دەپرسی کە چی دەکەن لە چیاکان" دەلێن ئیشی رۆژانە دەکەین، پاکردنەوە و دروستکردنی حەشارگەکانمان، لێیان دەپرسێ ئەی پەروەردە، دەلێن ئەوە ناکەین، پێی دەلێ ئەی بۆ هاتن خۆ ماڵیش ئەوەتان دەکرد" . ئەو دەیویست پێیان بڵێ ژیان و تێكۆشان لە چیاکان سەرتاپا لە ژیانی ڕابردوویان دابڕاو و نوێیە، بەڵام ئەوە ژنان کە خۆیان بۆ ئەو قۆناغە سەختە ئامادە نەکردبوو، ئەوەش شەڕی سەختی ناوخۆیی ئەو بزوتنەوەیە بوو، ئەو شەڕ و تێکۆشانەی کە دەلێ" ئەوەی شەڕ بکات جوان دەبێ ئەوەی جوان بێ خۆشەویست دەبێ"
هەر بۆ ئەوەش هەنگاوی نوێی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کورد لە ساڵانی ٢٠٠٠ کان بەدواوە وێرای بوونی هێلێکی وابەستە کە لە ژێر ناوی ڕیفۆرم دا زەبری تەسفیەکارانەی لە بزوتنەوەی ژن دا ڕێبەر ئۆجالان وتی " پرۆژەی نیوچڵم دەبێ تەواو بکەن" واتە پرۆژەی ژیانی ئازاد. بزوتنەوەی ژنان لە قۆناغی یەکێتیەوە " یەکێتی ژنانی ئازادی کوردستان" ەوە بۆ قۆناغی پارتیبوونی هەنگاویان نا. فەلسەفەی ژیانی ئازاد و پەیوەندیە رێکخستنیەکان دەکرا لە چوارچێوەی پارتبونی ژن دا یەکلا ببێتەوە. ئەو رێکخراوەبوون و پارتیبوون و ئەرتەشبوونە و هەوڵ و تەقەڵاکانی ژنانی هێنایە مەیدان و ڕێکی خست و ڕەنجی ژنانی کەناڵیزەی گۆڕانکاری ڕادیکال و ڕیشەیی کرد کە لە ئاستی گۆڕانکاری مێژوویی دا یە . خەباتی ئەرتەشبونی ژن، خەباتی سەربازی و پێگەیاندنی فەماندارانی ژن بە پێشەنگی ئەو رێکخراوەیە زیاتر بایەخ و ناوبانگی بە دەستهێنا. ئیتر ئەو ڕێکخراوەبوونە بلاو دەبۆوە.

هەنگاوەکانی دواتر لەسەر بنەمای پرەنیسپگەلێک دەنران کە لەچوارچێوەی کاروخەباتی YAJK دا بەرجەستە دەکران . پرەنیسپ و پێوەرەکانی کار و خەبات داڕژران و دەبوو ژنانی لەسەر ئەو بنەمایانە پەروەردەی قوڵ بکرێن. ژنان دەیانتوانی بە خۆ پەروەردە کردن بەو پێوەر و پرەنسیپانە خۆیان لە سەر پێ بگرن لە نێو رێکخستنی گشتی دا و شەڕی ئازادی بکەن. ئەو قۆناغە وشیاری تێکۆشان لە نێو ژنان دا لە دوو بەرەوە ئیتر پەرەی دەسەند لە ئاستی تێکۆشانی نەتەوەیی و تێکۆشانی ڕەگەزی دا.

لە ژینگەیەکی کە توند وتیژی سەردەستە، خەبات بۆ ئازادی ژن وەک کارێکی ناوازەیە و ئاسان نیە . ئیتر لە هەموو کەس زیاتر ژنان درکیان بەوە دەکرد کە لە جیهانێکی هێندە کۆنەپەرست دا ژیان بە پێوەری ئازادی مەسەلەی تێکۆشانێکی بێ وێنە و تاقەت پڕوکێنە و دەبوو بڕیار بدەن و بڕیاردانیش میکانیزمای یەکەم بۆ دابڕان لە ژیانێکی کلاسیک و شەڕ کردن و تێکٶشان لە بەرامبەر هەموو ناشیرینەکان و ڕوو کردنە ژیانێکی کە هێندە ئاسان نەبوو، خۆبەخۆ لە سەرپێ مانەوە و تێکۆشان هەنگاو بەهەنگاو نزیک بونەوە لە بەهاکانی ئازادی و لە کەسی ژن دا بە دەستهێنانی بەهاکانی ئازادی بۆ کۆمەلگە بوو.

تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و هزری لە سەر ئەرتەشبوونی ژن کە ئایندەدا دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران
بێ ئاماژە کردن بەم سەرچاوەیە هیچ کەس و دەزگایەک مافی وەرگرتن و کۆپی کردن و بڵاوکردنەوەی نیە

Tuesday, August 2, 2016

        ئاشتی و سه‌قامگیری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین له‌ هزری عه‌بدوڵا ئۆجالان



 نەجیبە قەرەداغی
ئاکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی بە سەردرێڕی ئاشتی و سه‌قامگیری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین له‌ هزری عه‌بدوڵڵا ئۆجالاندا لە هۆڵی ئوتێل پالاسی شاری سلێمانی لە ڕۆژانی  19-21ی ته‌موزی 2016 کۆنفرانسێكی نێونەتەوەیی بەست. سەرەتا باسێک لە سەر عه‌بدوڵا ئۆجا‌لان كێیه‌؟  نهێنیه‌كانی پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ عه‌بدوڵا ئۆجا‌لان چین ؟  سیسته‌می زیندانی ئیمرالی  چیە؟ وتار و لێکۆڵینەوە پێشکەش کران
دواتر دەست بە دانیشتنەکانی کۆنفرنسەکە کرا. بابەتەکان لە تەوەریەکەم دا لە سەر هۆکارەکانی قه‌یران و گێژاوی رۆژهه‌ڵاتی ناوین کۆڵرایەوە. شیكردنه‌وه‌ی ئۆجالان بۆ قه‌یرانه‌كان و گێژاوی رۆژهه‌ڵاتی ناوین خرایە ڕوو ،  لە دانیشتنی یه‌كه‌می ڕۆژی یەکەم دا بە سەردێڕی بنبه‌ستبوونی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوین  بابەت لەسەر : ده‌سه‌ڵات وه‌ك گرفتێكی فه‌لسه‌فی ، پێداگری هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، ئه‌مریكا به‌ نموونه‌، مێژوو و ڕاستینه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی توركی ، كێشه‌ هه‌نووكه‌ییەكانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌‌یی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین پێشکەش کران
لە دانیشتنی دووەم دا بە سەردێڕی كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان، نه‌ته‌وه‌گه‌رایی، ڕۆژهه‌ڵاتناسێتی، دۆگماتیزم و مه‌زهه‌بگه‌رایی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین: بابەت لەسەر گرفتی زهنییه‌ت ، بنه‌ماكانی نه‌ته‌وه‌گه‌رایی ، ڕۆژهه‌ڵاتناسێتی وه‌ك شێوازێكی زانستی ، مەزهه‌بگه‌رایی و دۆگماتیزم وه‌ك كۆڵه‌گه‌ی سیاسه‌تی "په‌رتكه‌ و زاڵبه‌" پێشکەشکران.
لە ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا دانیشتنی سێیه‌م بە سەردێڕی كێشه‌ی ئازادی ژن بابەتەکانی : به‌ گرفتكردنی بوونی ژن، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كێشه‌ی ژن له‌ ئاستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ، گرفتی پێشه‌نگایه‌تی ژن له‌ به‌هاری عه‌ره‌بی ، ده‌رككردن به‌ كێشه‌ی ژن له‌ ڕۆژئاوا و سوریا پێشکەش کران
دانیشتنی چواره‌م: بە سەردێڕی به‌گرفتكردنی ئابووری  بابەت لەسەر سیاسه‌تی ئابووری له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ، ژن و ئابووری پێشکەش کران
لە تەوەری دووەمی کۆنفرانسەکەدا باس لە ئەزمونەکانی چارەسەری یەکێتی رۆژهەلاتی ناوینی دیموکراتی کرا
لەو تەوەرەیەدا ئۆجالان سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی دیموكراتی خرایە. لە دانیشتنی یه‌كه‌می ئەو تەوەرەیەدا کە بە سەدرێڕی هه‌ردوو پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتی بابەت لەسەر ئه‌زموونه جیاوازه‌كانی چاره‌سه‌ری له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ، نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی وه‌ك "یه‌كێتی جیاوازییه‌كان" "وحدة ضمن الاختلاف" ، ئه‌زموونی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتی له‌ ڕۆژئاوای كوردستان/ باكووری سوریا ، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتی وه‌ك هه‌ڵمه‌تێكی دیموكراتی له‌ توركیا و باكووری كوردستان پێشکەش کرا
لە دانیشتنی دووه‌م بە سەردێڕی پێداویستی شۆڕشی زهنییه‌ت بابەت لەسەر شێوازه‌كانی تێكۆشان بۆ پێشخستنی شۆڕشی زهنییه‌ت ، گرنگیی سۆسیۆلۆژیانه‌ی شۆڕشی زهنییه‌ت ، شۆڕشی زهنییه‌ت له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی سیاسه‌تی بەبنبه‌ستگه‌یشتوو پێشكەش کرا
هەروەها ڕۆژنامەوان و نوسەر حەسەن جودی دەقی پێشنیارەکانی ئۆجالانی سەبارەت بە یەکێتی ڕۆژهەلاتی ناوینی دیموکراتی خوێندەوە. لەو دەقەدا بە وردی ئۆجالان باس لە ڕێگا چارەی نەتەوەی دیموکراتی دەکات کە لە بەرگرینامەکانیەوە وەرگیراوە. 
لە ڕۆژی سێیەمی کۆنفرانسەکەدا و لە دانیشتنی سێیه‌م: شۆڕشی ئازادی ژن له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوین بابەت لەسەر ڕاستینه‌ی "شۆڕش لە ناو شۆڕش دا" ، شۆڕشی ژن له‌ دیموكراتیزه‌كردنی سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگا ، هه‌وڵ و ئه‌زموونه‌كانی گه‌ڕان به‌دوای ئازادی ژن له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا
لە دانیشتنی چواره‌م دا بە سەردێڕی سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ی ئابووری ، بابەت لەسەر سیسته‌می نوێی ئابووری بۆ بونیادنانی كۆمه‌ڵگای ئازاد ،  گه‌شه‌پێدانی ئابووری هه‌ره‌وه‌زكاری پێشکەشکرا
لە دانیشتنی پێنجه‌م بەسەردێڕی کۆنفیدراڵی دیموكراتی رۆژهه‌ڵاتی ناوین له‌ دۆخی ئێستادا بابەت لەسەر كۆنفیدراڵی دیموكراتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤێک، بونیادنانی سوریای دیموكراتی ، داهاتووی ئێراق و باشووری كوردستان پێشکەش کران
هەروەها دانیشتنێکی تایبەتی لەسەر كۆتاییهێنان به‌ دیلگیرانی عه‌بدوڵڵا ئۆجالان بەڕێوەبرا
بەشێک لە وتەی قسەکەرەکان وەها بوو:
لە کۆنفرانسەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر میوانان لە کوردستان ، وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوین و ئەوروپا و ئەمەریکا ، ئەفریقیا ، ئاسیا ئامادەی بوون سێ رۆژ گفتوگۆی چڕ کرا لەسەر زۆر قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوین ،ڕێگا چارەکان و ئەزمونەکان. لە کۆنفرانسەکە هەم تێزی هزری و هەم ئەزمونی پراکتیکی خرانە ڕوو.
سەرۆکی ئەکادیمیای هزر و چاندی دیموکراتی دکتۆر فایەق گوڵپی لەسەر وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا وتی" هزر و ڕامانەکانی ئۆجەلان بۆ قەیرانەکانی رۆژهەلاتی ناووین باشترین چارەسەریە" .
پارێزەری سەرکردەی ئەفسانەیی ئەفریقای باشور "ئەسا موسا" لەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی وتی " زۆر لێکچوون هەیە لە نێوان تیکۆشانی نیڵسۆن ماندێلا و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، باردۆخی ئۆجالان خراپترە لەو گۆشەگیریەی لەسەر ماندێلا هەبوو، زیندانیی دیکە لای ماندێلا هەبوون، زۆر کەم بەتەنها بووە، بەڵام لە ئۆجالان ماوەی 10 ساڵ بەتەواوی گۆشەگیری کرابوو، ئەمەش پێشێلکردنی مافی مرۆڤی زیندانیەکی سیاسیە، دژی پەیماننامەی یەکێتی ئەوروپاشە، ڕفاندن و دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئۆجالان بەپێی یاسای گەردوونی نایاسایی بووە و گۆشه‌گیریی سه‌ریشی هه‌ر نایاساییه‌، دەبێ ئازاد بکرێت"
سامۆێل جۆردەن ئاکادیمیسیانی ئەمەریکی وتی " دەوڵەت-نەتەوە لە ھەموو شوێنێک لە ژێر تاقیکردنەوەیەکدایە، بەڵام ھێشتا هەوڵدان بۆ ئامانجەکانی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوین دا بژاردەی سیاسی ئەمەریکایە. ئەزموونەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەم فۆرم یان پێکھاتەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوین چییە و چ دەرسێکمان لێی  وەرگرتوو؟ ئەمەریکا هەمیشە لە ھاوکێشەی نێوان ئەو بنەمایانەی کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات و کردەوەکانی دا بە دوو جەمسەری ماوەتەوە. سیحری مۆدیلی دەوڵەت-نەتەوە لەوە دایە کە گەل لە دەوڵەت نامۆ دەکات کە ئەمەش دەبێتە پاساو بۆ دەسەڵاتێکی ڕەھا و بەکار ھێنانی هێزدا لە پێناوە دەسەڵات و دژایەتی دیموکراسی.  ھەستی نامۆبوون-بێگانەبوون لە دەوڵەت لە دژی ئارەزووی مرۆڤە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ھاوکار  و یەکگرتوو واتە کۆپەراتیڤ بە تەنیا ئەم تایبەتمەندیە ئەوە مسۆگەر دەکات کە هێزی دەوڵەت، نەتەوە چەک دەکات. پرۆسەی سیاسی و ئابورییەکی فەرمانبەر ڕێکبخات و ھەرێمی دەوڵەت-نەتەوە بکاتە یەکەیەکی حسابداری- بە سەدان ملیار بۆ کۆمپانیاکان و سوپا خەرج دەکرێت بە لۆژیکی یان گاڵ دێنی یان جۆ  ئەمەش ھەر لۆژیکی  بازاڕی ئازاد بۆ فرەنەتەوەکانە، هەر ئەمەشە نمونەی ئەمەریکا بۆ ئەم هەرێمە. ئاوات و داواکاریم ئەوەیە کە  ئەو ئەزمون و وانانەی لە کانتۆنە ئۆتۆنۆمەکانی ڕۆژئاڤا وەرمان گرتووە لە ھەموو دونیا بڵاو بێتەوە کە داکۆکی کردنە لە بەشداری یەکسانی ژن لە بەڕێوەبەری و بڕیارداندا و دابەشکردنی یەکسانی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و سەرچاوە سروشتیەکان.
هەرچی ڕێزان ساریجە پارێزەی ئۆجالان وتی " هێرشی هەرە گەرورە لەسەر ئۆجالان هەیە، دەیانەوێت لەهێلی چارەسەری دیموکراتی پاشگەزی بکەنەوە و لەسەر ئەوەش پێداگری دەکەن، ئیمراڵی دیالێکتیکی قوڵی هەیە و هێرشی توندی لەسەرە، ئەگەر ئەمانە لە هەرکەس تێنەگەیەنین ناتوانین ئاشتی بەرقەرار بکەین"
له‌سه‌ر بە گرفتکردنی پرسی ژن سه‌رۆ‌کى لقی کەرکوکی ڕێکخراوى ئه‌مه‌لى عێراقی‌ سرود ئه‌حمه‌د وتی " گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ چۆن سه‌یرى مه‌سه‌له‌ى ژن ده‌که‌ین. به‌رپرسان ته‌نانه‌ت له‌وه‌ ده‌ترسن کە ئه‌گه‌ر ژنان سه‌رکه‌وتنى پیاوان دەربازبکەن و پیاوان پێىان خۆش نیه‌ ژن به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت، ته‌نانه‌ت له‌ناو پارته‌ سیاسیه‌کاندا ئه‌و ژنانه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن که‌ به‌گوێره‌ى پیاوه‌کانن و که‌سوکارەکەیان له‌ ئاستێکى باڵادایه‌"
ئه‌ندامى کۆردناسیۆنى کۆنگرەی ژنانی ئازاد له‌ ئامه‌د سارا ئاکتاش لە هەمان تەوەرەدا وتی" ‌هه‌زاران ساڵه‌ ژن له‌ژێر زهینه‌یه‌تێکى پیاوسالاریدا ده‌چه‌وسێته‌وه‌ ، به‌تایبه‌ت له‌م ٢٠٠ ساڵه‌ى دواییدا هه‌ندێک هه‌وڵى رێکخراوه‌یی هه‌یه،‌ ئه‌وه‌ش کەموکوڕی تێدایە، توانای چارەسەری کێشەکانی نییە، به‌ڵام تێزه‌کانى عەبدوڵا ئۆجالان په‌نجه‌ره‌یه‌کى ڕوونى بۆ ئه‌و بواره‌ کردۆته‌وه‌. بێگومان ژن له‌ناو ته‌ڤگه‌رى ئازادى و گه‌یشتنى به‌و ئاسته‌ کارێکى ئاسان نه‌بوو، ژن به‌تێکۆشانى خۆى گه‌یشتۆته‌ ئاستێکى گرنگ ، ئه‌مه‌ش له‌ژێر رۆشنایی بۆچوونه‌کانى ئۆجالانه‌، تێکۆشانى ژن تابۆ و قاڵبەکانی  تێکشکاند و ژن ئه‌مرۆ دێته‌سه‌ر شه‌قامه‌کان و داواى مافى خۆى ده‌کات ، ئۆجالان ژنى وه‌ک چاره‌سه‌رى سه‌رجه‌م کیشه‌کانى کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و سیاسیه‌کان پێناسه‌کردووه‌"
هەرچی ئه‌ندامى کۆنگره‌ى ستار له‌ ڕۆژئاواى کوردستان له‌یلا ڕه‌شید لەسەر بارودۆخی ژنان لە رۆژاڤا و سوریا وتی " لە سوریا ژنان زیاترین ئازاریان چەشتووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ٥٠ ساڵى ڕابردوودا و له‌ دواى کوده‌تاى ڕژێمى به‌عس ، دام و ده‌زگاکانى ئاسایشى به‌عس هه‌موو کۆمه‌ڵگاى سەرکوت کرد. بەلام ژنانى کورد هه‌وڵیاندا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌دا بوەستنەوە و به‌تایبه‌ت رێبەر ئۆجالان لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى زۆرى له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگاى ژنان کرد و ڕێنیشاندەری خه‌باتی ژنان بوو ، یه‌کێتى ستار له‌ ٢٠٠٥ه‌وه‌ دەستی بە کاروباری ڕێکخستنى کرد و ، ئه‌م ڕێکخراوه‌یە توانى خەبات بکات و هێزی زیاتر بە ژنان ببەخشێت.
لە سەروبەندی کۆنفرانسەکەدا کە چەند رۆژ دوای کودەتاکەی ١٥ تەموزی تورکیا دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆوە کە کودەتاچیەکان ئامانجیان لەناوبردنی ئۆجالان بووە، سەرۆکی ئەکادیمیای هزر و چاندی دیموکراتی دکتۆر فایەق گوڵپی و لەسەر ناوی بەشداران بانگی لە دەولەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە کرد کە بەزوترین کات شاندێک رەوانەی ئیمرالی بکه‌ن و ڕێگاش بدرێت کە پاریزەران و بنەمالەکەشی دیداری لەگەل ئەنجام بدەن. دەوڵەتی تورکیاشی لە هەر هەوڵێک وشیارکردەوە کە زیان بە ژیان و ئاسایشی ئۆجالان بگەیەنێت.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە کانتۆنی کۆبانێ عایشە ئەفەندیش وەک بەشدارێکی کۆنفرانسەکە وتی" خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بەفەلسەفەی سەرۆک ئاپۆ چاویان کردەوە، بۆیە پێشەنگایەتی ئەو شۆڕشەیان کرد، ئەو فەلسەفەیە کە بەجیهاندا بڵاوبوەتەوە و تادەچێت بەرفراوانتر دەبێت، ژنان نیوەی جیهانن، ئۆجالان لە کوردستان ئەو نیوەوەی وشیار کردەوە دەبێت لەهەموو کەس زیاتر ئێمەی ژنان خاوەنداری لە ئۆجالان بکەین، ئەوەش تەنها بەچالاکی نابێت بەڵکو دەبێت هەوڵی زیاتر بدەین، تا سەرۆک ئاپۆ ئازاد بکەین.
ئەندامی ئەنجومەنی شەنگال زەهرا سلێمانیش باسی لە گرنگی هزری ئۆجالان کرد بۆ کۆمەڵگای ئێزدیەکان و وتی" کۆمەڵگای ئێزدی بەگشتی و ژنانی ئێزدی بەتایبەتی لە هەموو شت زیاتر پێوسیتیان بە هزری ئۆجالانە بەناسینی ئەو هزرەش ژنان لە قڕکردن ڕزگاریان بوو، پێشتر ژنانی ئێزدی لە نێوان چوار دیواردا بوون، بەڵام ئیدی ئێستا خۆیان ناسیوە، پێشتر دووری سیاسەت بوون و هێزی بەرگریان نەبوو، بەڵام کاتێک ڕێبازی ئۆجالانیان ناسی بەهێز بوون، ئێستا چەکیان هەڵگرتووە و دژی چەتەکانی داعش شەڕ دەکەن. ئازادی ئۆجالان بۆ هەموو کوردان پێویستە، بەڵام ئێزدیەکان دووجار پێویستیان بەئازادی ئەوە، ئێمە لەبەرئەوەی قڕکردنمان لەسەر پەیڕەو دەکرێت، پێویستمان بە فکر و ڕامانی ئۆجالانە"
هەرچی کامەران مەنتک ئاکادیمی و مامۆستای زانکۆی سەلاحەدینە بە سەردێڕی کوردستان و ڕۆژهەلاتی ناوین پێشکەش کرد و باسێکی وردی لەسەر سەدەی ٢٠ کرد لە دوو ڕوداوی هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەکان و دامەزراندنی دەولەت نەتەوە و دواتر باسەکەی لەسەر ڕوخانی بلۆکی ڕۆژهەلات و سیستەمی تاکجەمسەری درێژە پێدرا لە تەوەرەیەکی تردا باسی لە دیموکراسی لەبەرمبەر یەکپارچەیی وڵاتەکان کرد و وەک دەرەنجامیش وتی " ڕۆژهەلاتی ناوین لە پارادۆکسێکی زۆر ئالۆزدایە، دوو ڕەوت لە کارکردنن ڕەوتی بە ئیمراتۆریا بوون و بە دەوڵەتبوون، ئەگەر یەکەم سەرکەوێ کورد دوو ئەگەری لەبەردەمدایە یان سیناریۆی سەدەی ١٦ دووپات بێتەوە مەلا ئیدریسی بەدلیسیەکی تر هێزەکانی کورد بخاتە خزمەت یەک لە ئیمراتۆریەکان یان بەشێوازێکی نوێ هێزی کورد دابەش ببێت لە نێوان دوو ئیمپراتۆریا،  یان کورد هەوڵ بدات هێزێكی تایبەت بە خۆی دروست بکات و لە نێوان هەردوولادا هێزێکی گەورەی هاوسەنگیکار دروست بکات و تواناکانی بخاتە گەڕ بۆ خزمەتی خۆی، ئەمەش زیاتر لەیەک نزیک بونەوەی گەلان و سەقامگیری و ئاشتی لەناوچە مسۆگەر دەکات، گۆڕانکاریە جیۆپۆلەتیکیەکانی ناوچەکە لە خزمەت ئەوەدایە. لە جیاتی گەڕان بە دوای چارەسەری کێشەکان لە ئەنکەرە، تاران، دیمەشق و بەغداد پێویستە کورد بە قولایی ستراتیژی جوگرافی و مرۆڤئیی خۆی بگەڕێتەوە کە گرنگترین پێگەی ستراتیژی هەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.
هاوژین مەلا ئەمین مامۆستای زانکۆی سلێمانی بابەتێکی لەسەر گرفتی زهنیەت شادەماری هەموو گرفتە ستراتیژیەکانی رۆژهەلاتی ناوین و گەڕانەوەیەک بۆ دیدی ئۆجالان پێشکەش کرد و خوێندنەوەیەکی وردی بۆ ئەو دیدە کرد لە دەست نیشان کردنی کێشەکان و ڕێگا چارەکان بە تایبەتی پەیڕەو کردنی نەتەوەی دیموکراتی و زەرورەتی بەرپاکردنی شۆرشی زهنی.
هەرچی هاوسەرۆکی تەڤدەم ئاڵدار خەلیل پڕۆژه‌ى نه‌ته‌وه‌ى دیموکراتى و خۆبه‌ڕێووه‌به‌رى دیموکراتی  لە ڕۆژاڤا وتی " له‌ ساڵى ٢٠١١ که‌ ڕاپه‌رینى گه‌لانى سوریا ده‌ستیپێکرد بە دڕه‌نترین شێوه‌ وه‌ڵامى گه‌ل درایه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ ڕۆژئاوا هێڵى سێیه‌ممان هه‌ڵبژارد، ئێمه‌ نیشانمان دا که‌ هێڵى سێبه‌م له‌ سه‌ر بنه‌ماى نه‌ته‌وه‌ى دیموکراتى به‌ ئاشتی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت،ئه‌مانه‌ هه‌مووى ده‌ستکه‌وتى بیر و هزرى ڕێبه‌ر ئاپۆ بون.
هاوسەرۆکی سیستەمی فیدرالی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا مه‌نسوور سه‌لومیش وتی " بۆ گه‌یشتن به‌ سوریایه‌کى سیکۆلار و دیموکرات ده‌بێت هه‌موو هێزه‌ دیموکراتیخوازه‌کان کۆ ببنه‌وه‌. باوه‌ڕمان هه‌یه‌ که‌ به‌هێزى هزرى به‌ڕێز ئۆجالان و هێزى گه‌لانى سوریا سیسته‌مى فیدڕاڵى دیموکراتى سه‌رکه‌وێت "
جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان تارا حوسێن لە بەشی گفتوگۆکان دا وتی" دەبێت هەرچی زووە زانیاری لەسەر ڕەوشی ئۆجالان بدرێت، دەبێت گەلی کورد ئاگادار بکرێتەوە. چونکە گەلی کورد بە تامەزرۆیە بۆ ئەوەی هەواڵێک لەسەر ڕەوشی ئۆجالان ببیسێت. دەبێ سەرجەم گەلی کورد بەتایبەتیش ژنانی ئازادیخواز کرد لە باشوری کوردستان کە هەڵوێست بنوێنن و دەستپێشخەری بکەن بۆ چالاکیەکان.
وتەبێژی کۆنگرەی ژنانی ئازاد (کەژا) ئایلا ئاکات ئاتا، وتی: "بۆ دەرچوون لە گێژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێروانێکی هەمەلایەن پێویستە بە هۆی فرە کلتوری و فرە ئایین و ئەتنیکیەوە ئەو پڕۆژەیە دەتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت. کاتی ئەوە هاتوە ئیتر پڕۆژەکانی بەڕێز ئۆجالان بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، ناوی دیموکراسی راستەقینە ئەوەیە و هەر ئەوەش دەتوانێت تورکیا لەو گێژاوە ڕزگار بکات
ئەندامی کۆنگرەی ستار سوعاد حەسەنیش وتی " ئەو کودەتاییەی لە تورکیا هاتۆتە ئاراوە، پیلانێکی دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغانە، ئامانج زیان گەیاندن و تۆڵەسەندەنە لە ڕێبەر ئاپۆ، ئامانج لە ناوبردن و هێرشکردنە سەر دەسکەوتەکانی ڕۆژاڤا و بەگشتی گەلی کوردە"
لە‌سەر شۆڕشی ئازادی ژن له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ی ئابووری و کۆنفیدراڵی دیموکراتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌ دۆخی ئێستادا ، چالاکوانی ژنان لە تونس سەلوا قیقا وتی" ئەم کۆنفڕانسە ئاسانکاری دەکات بۆئەوەی کە بتوانین پێکەوە بەرامبەر بە سەرمایەداری و کۆنەپەرستی بوەستینەوە. هەر وەک چۆن بەڕێز ئۆجالان دەڵێت دەبێت وڵاتەکانمان لە وەحشیەت داماڵین و بە چەکی عەقڵ بەڕێوەی ببەین، دەبێت تێکۆشانی ئێمەش سیاسی و عەقڵانە بێت"
ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژەئا "جەیلان باغریانیک لەسەر بەرپاکردنی شۆڕش لەناو شۆڕشدا وتی " بە ڕێنمایەکانی ڕێبەر ئۆجالان، پێشکەوتن لە ڕێگای ژنەوە ڕاسترین ڕێگایە. شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی شۆڕشی ژندا پێشدەکەوێت، هەربۆیە دەبێت لەسەدا٨٠ی شۆرشەکان بە تیکۆشانی ژنان بەرێوە ببرێت "
زۆزان سیما ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی-ڕمێلانی ڕۆژاڤا ، باسێکی وردی لەسەر ڕێباز و شێوازەکانی تێکۆشان بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی زهنیەت پێشکەش کرد. لە باسەکەی دا ئاماژەی بە گرنگی زانستی ژنناسی " ژنۆلۆژی " لە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژوو، ڕێباز و ئامانجەکانی تێکۆشان. ( لەبەرگرنگی ئەم بابەتە وەرگەڕی تەواوی بابەتەکە بۆ کوردی لە ئایندەیەکی نزیک دا لەم بلۆگەدا بڵاو دەکەمەوە).
هاوسەرۆکی پەیەدە ئاسیا عەبدوڵڵاش لە هەمان تەوەرەدا لە سەر ڕۆژاڤا وتی " شۆڕشی ژن لە ڕۆژاڤا، بەر لە هەموو شتێک گۆڕینی کۆمەڵگا و هەموو یاسا کۆمەڵایەتیەکان بوو، ژن ناوکی کۆمەڵگای نوێیە. هزری ڕێبەر ئۆجالان ڕێبازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژن فەراهەم کردووە، بەشداری سیاسی و خەباتی ژنان کاریگەریەکی گەورەی لە سەر چارەنوسی ژن بەگشتی هەیە، ئیتر ژنان ناچار نین بۆ پیاوان بژین و بمرن، ژن بۆ ڕزگاری خۆی و کۆمەڵگا دەژی، ئەمڕۆ ژنانی ڕۆژائاوای کوردستان لە هەمو بوارەکاندا بوونەتە هێزێکی پێشەنگ، تێکۆشانی ژن هەمو ڕوحیەتە دۆڕاوەکانی پێشووی ژنی سڕیەوە. لە سەر بناغەی خەباتی ڕێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر هەمو سەرکوتەکانی ڕژێمی بەعس، ژن دەستی بە شۆڕش کرد و جیاوازی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانیش لەوەدایە. ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دەڵێین : یا دەبێت بە ئازادی بژین یان ژیانمان ناوێت، خەباتی ئێمەش لە ڕۆژئاوای کوردستان تەنها لە ئاستی ژنانی کورددا نیە بەڵکو هەموو پێکهاتەکان دەگرێتەوە."
له‌باره‌ی سه‌رله‌نوی بونیادنانه‌وه‌ی ئابووری لە کۆنفرانسەکەدا جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی ئابووری هه‌روه‌زکاری کرایەوە لەسەر ئەو بابەتە ئه‌ندامی گروپی پشتگیری ژینگەیی لە ئەمریکا "لیۆ سەڵدانها" وتی " دیمەنی سیاسەت بۆ کوردەکان ئەمەیە کە بیرێکی نوێ بۆ بونیادنانی ئابوری کۆمەڵایەتی پێکبهێنن، لە ڕۆژی ئەمرۆدا قەیرانێکی ئابوری تەواو کاپیتالیزمی گرتۆتەوە، که‌ بنەماکانی کۆمەڵگا دەهەژێن، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا ڕووبەڕووی توندوتیژی هێرشی کاپیتالیزم دەبنەوە، هاوکات هێرشە دڕندەکانی بۆ سەر سروشت و ژینگە زیاتر و زیاتر دەبنەوە، پێویستە هەموو لەسەر ئەوە جەختبکەینەوە کە سروشت زۆر گرنگە"
هەرچی نابیدە زەنگین، لە بارەی گەشەپێدانی ئابوری کۆمیناڵ (هه‌روه‌زکاری) شاره‌زا له‌بواری ژن و ئابووری لە ڕۆژاڤا وتی:" بونیادنانی ئابوریەکی کۆمیناڵ خاڵی سەرەکی-یه‌ بۆ خۆپارێزی لەبەرامبەر بە هێرشەکانی کاپیتالیزم تەنها بە بەڕێوەبردنی سیستەمێکی کۆمیناڵ هێرشەکانی سەرمایەداری پوچەڵ دەبنەوە. دیموکراتبوونی ئابوری ڕێگا لەوە دەگرێت کە کۆمەڵگا بکەوێتە ژێر چەپۆکی ئابوری کاپیتالیزم کە وەکو ئامرازێک بۆ بەکاڵاکردنی ژن و ژینگە بەڕێوەدەچێ، ئێمە دەبێت لەبەرامبەر ئەمانە بوەستین، دابڕاندنی ژن لە باری ئابوریەوە کۆمەڵگای دیموکراتیک لاواز دەکات"
چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ئۆپۆزسیۆنی سوری ڕیاز گرار وتی " کۆنفرانسەکەمان دوو ڕەهەندی هەیە، ڕەهەندێکی پەیوندی بە ئۆجالان و سروشتی بەدیل گرتنەکەیەتی و گرنگی گفتوگۆکردن لە سەر ئازادبوونی و گەڕانەوەی بۆ چالاکیە ئاشتیخوازییەکانی، چونکە پێش ئەوەی بەدیل بگیرێت پڕۆژەی گرنگی بۆ ناوچەکە هەبوو، کە دەکرا ئەو پڕۆژانە کاری باشی بۆبکرایە، چونکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و مرۆڤایەتی زۆر پیشکەوتنی گرنگی تێدایە. ڕەهەندی دووهەم پرسی کوردە کە بۆ ئارامی ناوچەکە پرسێکی گرنگ و جدییە و، یەکێکە لە پرسە هەڵپەسێردراوەکان. ئۆجالان سەرکردەیەکی نشتیمانی دروستە کە بانگەوازی بۆ ئاشتی دەکات، بەدیل گرتنەکەشی بەشێکە لە کێشەکانی ناوچەکە و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە، ئێمە داوای ئازادی ئەو دەکەین، چونکە پێویستمان بەو مرۆڤە گەورەیە هەیە، ئەو سەمبوڵ و روحی ئەو نەخشەڕێیانەیە کە بۆ چارەسەری پرسی کورد و مرۆڤایەتی پێشکەشی کردوون."
لە دانیشتنی تایبەتی لەسەر دۆخی ئۆجالان ئەندامی دەسپێشخەری ئازادی بۆ ئۆجالان و ئاشتی بۆ کوردستان ڕایمەر هایدەر وتی " کەمپینی ئێمە بۆ ئازادی ئۆجالان دەتوانێت سەرکەوتووبێت، که‌مپینی ئازادی بۆ ئۆجالان لە ساڵی 1999 دروستبوو، ئه‌وکات ترس هەبوو، کە ئۆجالان بێ دادگایی لەسێدارە بدرێت، بەڵام نەیانتوانی ، گرتنی ئۆجالان چەندە بۆ تورکیا زەحمەت بوو، ئازادکردنەکەی زەحمەتتر بوو، هەرچەند کە هزر و بیری ئۆجالان بڵاوبکەینەوە زیاتر ئازادی ئۆجالان نزیک دەبێتەوە"
ڕێزان ساریجا پاڕیزەری ئۆجالان لە هەمان دانیشتن دا وتی " ئۆجالان باس لەوە دەکات کە بۆ ئازادی شەخسی خۆی تێکۆشانی نەکردووە، پێویستە هەرکەس پێشنیاری خۆی بۆ ئازادی ئۆجالان بدات، چه‌نده‌ بتوانین پرسی کورد بناسێنین ئەوەندەش دەتوانین ئازادی ئۆجالان نزیک کەینەوە"
ئایسەڵ توغڵوک، پارێزەری پێشووی ئۆجالان و ژنە چالاکوانی کورد وتی: "هۆکاری ده‌ستگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان ئەوەیە کە ڕێبەری گەلێکە، خەباتی بەڕێز ئۆجالان ته‌نها بۆ ڕزگارکردنی گەلی کورد نەبووە بەڵکو بۆ هەموو گەڵانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە".
دوکتۆر مەحمود پاتەڵ کە لە ئەفریقیای باشورەوە هاوڕێ لەگەڵ پاریزەری ماندێلا ئەسا موسا هاتبوو وتی "  دەبێت کردەوەی نایاسایی کۆتایی پێبێت. ئۆجالان ئازاد بکرێت"
ئه‌سا موسا'ی پاریزەری ماندێلا، خەڵاتی گڵۆباڵی ئاشتی پێشکەش بە ئۆجالان کرد و وتی " یه‌کخستنی تێۆشانه‌کان  بۆ ئازادی ئۆجالان و پێکهێنای که‌مپه‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گرنگە دەبێ جیهان له‌ پێناو ئازادی ئۆجالان یه‌ک ده‌نگ بن و تێبکۆشن"
لە بەشی دوایی کۆنفرانسەکەدا ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ئاشتی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوین لە هزری عەبدوڵا ئۆجالاندا بڵاو کرایەوە کە وها بوو :
لە قۆناخێكی وەها مێژووییدا كە تێیدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە بە گۆڕەپانی سێهەمین جەنگی جیهانی و كوردستانیش كە ناوەندی ئێستای جەنگی سێهەمی جیهان پێكدەهێنێت, كۆنفرانسەكەمان لە بارودۆخێكی سیاسی و مێژوویی وەهادا ئەنجام دەدەین و لەم چوارچێوەیەدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری راست و گونجاو لە كات و شوێنی گونجاودا كۆبووینەتەوە، سەبارەت بە دەستنیشانكردنی راستینەی كێشە بنەڕەتییەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دانانی چارەسەری هاوبەش, شیرۆڤە و رێنماییەكانی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان لە ئاستی باڵادا رۆڵ دەبینێت، لە گفتوگۆكاندا كێشە سەرەكییەكانی بەردەم هەنگاونانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو كێشانەی دەسەڵاتپەرستی، نەتەوە و نەژادپەرستی پاشڤەڕۆ، مەزهەبگەرایی، كێشەی ژن و دۆگماتیزم كە بە هەزاران ساڵە ناوچەكەیان پەلكێشی ناو كێژاو و قەیران كردووە، بە گەورەترین و بناخەییترین كێشە دەستنیشان كراون، لەگەڵ ئەمەشدا راستینەی دەوڵەت – نەتەوە كە زاڵ بووە بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تۆوی دوژمنایەتی لەنێوان گەلان و باوەڕییەكانی هەرێمەكەدا چاندووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە توانیویانە بە هەزاران ساڵ پێكەوە بژین. دەوڵەت – نەتەوە كراوە بە ئامرازێك كە ناوچەكە بكەوێتە ناو شەڕێكی بەردەوامەوە. بەو هۆكارەی هاوشانی گەلی كورد گەلی فەڵەستینیش زۆرترین ئێش و ئازاریان چەشتووە، چارەسەری ئەم دوو كێشە بناخەییەی هەرێمەكە كە بوونەتە گرێكوێرە، كاریگەری خۆی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێدەهێڵێت، هاوكات هەنگاوێكی گرنگیش لە ئاستی پێشەنگایەتیكردن بۆ ئازادی سەرجەم گەلان و باوەڕییەكانی هەرێمەكەش دەهاوێژرێت".
نوێنەرانی گەلان و باوەڕییەكانی بەشداربووی كۆنفرانسەكەمان لە گفتوگۆكاندا بەدەستنیشانكردنی ئەو راستییەی كە بنەمای مێژوویی پێكهاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتئەستوورە بە ژیانی ئازاد و خۆسەرەوە, لێرەشەوە ئەو راستییە سەلمێندرا كە كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی راستەقینەترین مۆدێلی چارەسەرییە، سەبارەت بە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی كلتووری ژیانی رەسەنی هەرێمەكە جەختی لەسەر كرایەوە كە لە ئەزموونی رۆژئاوای كوردستاندا خۆسەری دیموكراتی بناخەگیر بە نەتەوەی دیموكراتی كە فەلسەفەی ژیانی هابەشە، بنچینەییترین مۆدێلی چارەسەرییە، بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان كە بونیادنەری ئەم مۆدێلی چارەسەرییەیە لە ئەنجامی گەلەكۆمەیەكی نێودەوڵەتیدا رفاندنی و مەحكومكردنی بە سیستەمی ئەشكەنجەی ئیمراڵی بێگومان راستەوخۆ گرێدراوە بەو واقیعە مێژووییەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئەم گەلەكۆمەیەی لە رۆژی 15ی شوباتی 1999 دا ئەنجامدرا نەك تەنیا دژ بە تەڤگەڕی ئازادی كورد بوو بەڵكو هەوڵدرا بە سەرلەنوێ دیزاینكردنەوەی هەرێمەكە دەستێوەردان لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات، هەر بۆیە پیلانگێڕی نێو دەوڵەتی لە كەسایەتی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالاندا لەدژی سەرجەم گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدراوە".
 لێرەوە كۆنفرانسەكەمان جەختی لەسەر دەكاتەوە كە بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان تەنیا وەك رێبەری گەلی كورد هەڵناسەنگێنێت، بەڵكو وەك بیرمەند, پێشەنگ و كەسایەتییەكی مێژوویی خۆبەختكار لە پێناو دانانی چارەسەری بۆ كێشە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و سەرجەم مرۆڤایەتی بەگشتی پێناسە كرا، بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان كە 5ی نیسانی 2015 ەوە خراوەتە ژێر گۆشەگیرییەكی توند و گشتگیرەوە و هیچ هەواڵێكی لێ نابیسترێت و ماوەی 18 ساڵیشە لە دورگەی ئیمراڵی دووچاری سیستەمێكی ئەشكەنجەی تایبەت و بێ وێنە بۆتەوە، ئامانج لەم بە بارمتەگرتنەی ئۆجالان شكاندنی ئیرادە و نەهێشتنی زەمینەی چارەسەری دیموكراسییانەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە پێویستە دۆخی بەبارمتەگرتنی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان كۆتایی پێبهێندرێت, كە ئەمە نەك تەنیا وەك گەلی كورد بەڵكو داخوازی هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرجەم هێزە دیموكراسییەكانی جیهانیش هەڵبسەنگێندرێت".
 لە كۆنفرانسەكەماندا زۆر بە پوختی و ئاشكرایی دەستنیشان كرا كە تاكە رێگەی چارەسەری زیهنی كۆمەڵایەتی و سیستەمیانە، چارەسەربوونی كێشەی ژنە، لەلایەن سەرجەم بەشداربووانی كۆنفرانسەوە بە جۆشێكی مەزنەوە ئاماژە بەوە كرا كە تێكۆشانی ئازادی ژنی كورد ئەمڕۆ بۆتە كانگای ئیلهام بۆ سەرجەم ژنانی جیهان, ئەمەش پشتئەستوورە بە خەباتی ئازادی ژن كە بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان بە رەنجێكی گەورە خوڵقاندووێتی، هەر لەم كۆنفرانسەدا بەشێوەیەكی بەرجەستە ئاشكرابوو كە لەبەرامبەر پارچەگەرێتی سەپێندراو بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، فیكر و رامانی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان زەمینەی هاوبەشی و یەكێتی پێشكەش دەكات و لێرەشەوە گەیشتووین بە بڕیاربوونی پرەنسیپی و پراكتیكیانە، لەسەر ئەم بنەمایە:
 ١- دەستبەجێ كۆتاییهێنان بە سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی و ئازادكردنی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان كە بۆ سەقامگیری ئاشتی و دیموكراتی ناچارییەكە.
 ٢- لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەری نەتەوەی دیموكراتی بە چارەسەری بەردەست و گونجاو دەستنیشان دەكات.
 ٣- تێكۆشانی ئازادی ژن بە بنچینەییترین تێكۆشان دەستنیشان دەكات بۆ چارەسەركردنی گرێكوێرەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوین و پێشخستنی دیموكراسی و ئازادییەكان.
 ٤- لەپێناو رۆشنكردنەوە و ئازادكردنی زیهنییەتی داخراو و چەقبەستوو، شۆڕشی زیهنی بە پێویستییەكی بنەڕەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەسەند دەكات.
 ٥- بە لەبەرچاو گرتنی راستینەی دەوڵەمەندی باوەڕی و مەزهەبی لەناوچەكەدا كۆنفرانسەكەمان بڕوا بە ژیانی ئازادی و یەكسانی لەسەر بناخەی پرەنسیپی هاوبەشی سەرجەم دەكات و جەخت لەسەر پێشخستنیشیان دەكاتەوە.
 ٦- ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان كە ئەزموونێكی بناخەیی ئازادی و دیموكراسییە، بە چارەسەرییەكی جێگرەوە بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەسەند دەكات.
 ٧- سەرجەم رژێمە سیاسی و دەوڵەتە مۆناركی، دیكتاتۆر، كودەتاگەر، دیسپۆتیكەكان رەت دەكاتەوە و بەڕێوەبەرایەتی سیاسی دیموكراتییانە پەسەند دەكات.
 ٨- كۆنفرانسەكەمان وەك مۆدێلێكی گشتگیری راستینەی گەلان و باوەڕییە مێژوویی و هەنووكەییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی بە گرنگ دەزانێت.
 ٩- كۆنفرانسەكەمان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەستێوەردانی نیۆلیبراڵی جیهانی سەپێندراو بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەریی نییە و داوای رێزگرتن دەكات لەو چارەسەرییانەی پشتئەستوورە بە ئیرادەی ئازادی گەلانی هەرێمەكەوە.
 كۆنفرانسەكەمان دوای ئەو گفتوگۆ چڕوپڕەی ئەنجامی دا، هاوشان لەگەڵ بڕیاردانی پرەنسیپان، جەخت لەسەر وەرگرتنی بڕیاری كردەییش دەكاتەوە لەم چوارچێوەیەدا:
 ١- كۆنفرانسەكەمان، هەموو ئەو هەڕەشە و هێرشانەی دەوڵەتی تورك لەدژی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان بەڕێوەی دەبات وەك كێشەیەك نابینێت كە تەنیا گەلی كورد و كوردستان پەیوەندیدار بكەن, بەڵكو هەموو جۆرە هێرشێكی دژ بە بەڕێزیان وەك بە هێرش بۆسەر هەموو گەلان لەقەڵەم دەدات. كۆنفرانسەكەمان لەدژی ئەو سیاسەتی هەڕەشە و پیلانگێرییانەی دەوڵەتی تورك لەبەرامبەر بە بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان جێبەجێی دەكات، داوا دەكات شاندێكی پێكهاتوو لە نوێنەرانی جیاجیای گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی بەپەلە بچێت بۆ ئیمراڵی بۆ دیدار لەگەڵا بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان.
 ٢- لە دژی سیاسەتی هێرش و پیلانگێڕانەی دەوڵەتی تورك لە بەرامبەر بە بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان، بانگەوازی لەسەرجەم رێكخراوە نێو دەوڵەتییەكان بەگشتی و یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان بەتایبەتی دەكات بە پەلە بۆ كۆتاییهێنان بە هەڕەشەی سەر ژیانی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان بكەونەخۆ و سزای پێویست بەسەر توركیادا بسەپێنن.
 ٣- لەپێناو بەدیهێنانی دیموكراسییەت لە توركیادا كە ئەویش بە چارەسەری پرسی كوردەوە پەیوەستە، پێویستە دەوڵەتی تورك دەستبەجێ دەست بەقۆناخی رێكەوتن لەگەڵا بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان بكات و سەرلەنوێ لەسەر بناخەی رێكەوتنی دۆڵمەباخچە چارەسەری بخاتەوە رۆژەڤی خۆیەوە.
 ٤- بۆ چارەسەری پرسی كورد كە كلیلی دیموكراتیزەبوونی توركیایە، یەكێتی ئەوروپا، نەتەوە یەكگرتووەكان و ناتۆ لە چوارچێوەی حقوقی نێو نەتەوەییدا رۆڵی ئەرێنییانە بگێڕن و سزای پێویست بەسەر دەوڵەتی توركدا بسەپێنن تا بەپێی نۆرمە جیهانییەكانی مافەكانی مرۆڤ بجوڵێتەوە.
٥- لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساڵانە كۆنفرانسی تایبەت بە هزر و پێشنیازەكانی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان سەبارەت چارەسەری دیموكراتیانە ئەنجام بدرێت.
 ٦- دووەمین كۆنفرانس لە چوارچێوەی رێنماییەكانی عەبدولڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری، لە رۆژئاوای كوردستان ساز بكرێت.

٧- بەناوی پێكهاتەكانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە كار بكرێت بۆ دەرخستنی بڕیارنامەیەك لە یەكێتی ئەوروپا كە داوای چارەسەری دیموكراتییانەی پرسی كورد و ئازادی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان بكات.
 ٨- سازدانی كۆنفرانسی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەچوارچێوەی تێزەكانی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان تایبەت بە مژاری ئازادی ژن.
 ٩- بۆ كۆتایی هێنان بەو سیاسەتە ناحقوقییانەی لە كەسایەتی بەڕێز ئۆجالاندا دژ بە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین دەكرێت و بۆ بەدەستهێنانی مافەكان لەسەر بنەمای مافپەروەری, بڕیاری دامەزراندنی یەكێتی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات.
١٠- كاركردن بۆ گەیاندنی دۆزی حقوقی عەبدولڵا ئۆجالان بە دیوانی دادی لاهای.
 ١١- بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد پێویستە پەکەکە  دەستبەجێ لە لیستی تیرۆری یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا دەربخرێت.



دوابەدوای کۆتایی هێنانی کۆنفەرانسی سلێمانی "پاریزەری نلسوۆن ماندێلا-ئەسا موسا و شاندەیەکی یاوەری پێکهاتبوون لە ژمارەیەک لە ئەکادیمی، نوسەر و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکانی ژنان " گەریلاکانی هەپەگە-یەژەئا ستاریان لە سەنگەرەکانی کورکوک بەسەرکردەوە.


فەرمانداری گەریلاکانی یەژەئاستار لە هەرێمی مەخموور-کەرکووک "چیغدەم دۆگوو و لە فەرماندارانی هەپەگە لە هەمان هەرێم "سەلیم زیلان" و ژمارەیەکی زۆر لە گەریلای هەپەگەو یەژەئاستاروە پێشەوزیان لێکرا. دوابەدوای پێشوازیکردنیان لەلایەن گەریلاکانی هەپەگەو یەژەئاستارەوە، پاریزەری ماندێلا/ ئەسا موسا لەبەردەم گەریلاکان وتی " من لە باشوری ئەفریقاوە هاتووم و یەکێک لەوکەسانەم کە پرسی کورد لەنزیگەوە بەدواچوونی بۆدەکەم. و تاوەکو ئیستا هەم لە ئەروپا و هەمش لەکوردستان چەندین ئەندام لە تێکٶشەرانی ئازادیم بینیوە و دیدارمان ئەنجام داوە.. بەڵام لەئێستادا زۆر بەختەوەرم کە گەریلا بەسەردەکەینەوە ، ئێمە لەولاتە جوداکانەوە هاتووین، لە باشوری ئەفریقا، ئەمەریکا، لوبنان، هیندستان و فەلەستینەوە هاتووین ، و بەبینینی ئێوە زۆر زۆر خۆشحاڵین" ، نوسەر و ئاکادیمی محەمەد نورەدین وتی " من تۆزی سەر پێلاوەکانتان ماچ دەکەم، ئێوە بۆ ئازادی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین شەڕ دەکەن نەک تەنیا گەلی کورد".
بابەتەکانی کۆنفرانسەکە چاوەڕی دەکرێت کە لە دوو توێی نامیلکەیەدا بلاو بکرێتەوە

تێبینی: لەسەر بانگهێشتی  کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە بە خۆشحاڵیەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەگەڵ هەڤاڵانم لە پێنج کابینەوە وەگەڕی بابەتەکانمان بۆ پێنج زمان کرد. من و سێ هەڤاڵی تر ئارام پێنجوێنی ، زاگرۆس هیوا، ڕۆزا تاتانی لە کابینەی سۆرانیەوە وەرگەڕی کۆنفرانسەکەمان کرد لە هەموو زمانەکانەوە بۆ کوردی (کرمانجی ناوین-سۆرانی). لە کۆتایی کۆنفرانسەکەش دا هەروەک بەشدارانی تر خەڵاتکراین ، سێوی مێخەک ڕێژمان دیارکرا. 




سەرچاوە
ڕۆژنیوزrojnews.com
ڕادیۆی دەنگی کوردستان denge-kurdistane.com
پەراوی ئەجێندای کۆنفرانسەکە 
ستێرک تیڤی sterktv.net
مافی بڵاو کردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە پارێزراوە بۆ ئەم بلۆگە، هەرکەس بڵاوی دەکاتەوە دەبێت ئاماژە بەو سەرچاوانە بکات