پرۆفسیۆر. دکتۆر عەباسی وەلی مامۆستای زانکۆی
بوغازجی ئەستەمبول لەسەر هەلبژاردنی حەوتی حوزەیرانی تورکیا ، لەسەر دەنگی تاکتیکی
، هاسەنگیەکان لە رۆژئاوای تورکیا ، کاریگەر و بەرنامەی هەدەپە لە باکوری کوردستان
و ململانیی سەخت لە کوردستان لەبەرامبەر ئاکەپە ، کاریگەری کۆبانێ لەسەر ئەو هەلبژاردنە
و دابەش بونی پشتگیری پارتە سیاسیەکان لە باشوری کوردستان بەسەر لایەنگرانی هەدەپە
و ئاکەپە لەگەل ڕادیۆی دەنگی کوردستان دەدوێ
ئەنجامدانی : نەجیبە قەرەداغی
کورد ئەم جارە وەک هێزێکی فراوان دێتە نێو
پرۆسەی سیاسی نەک وەک ناسنامەی ئەتنیکی
نەجیبە قەرەداغی : ئەم هەلبژاردنە لەگەڵ ئەوانی
پێشتر چی جیاوازە ؟ ئەو پارتانەی کە لەبەرامبەر یەک کەوتونەتە کێبەرکێی ، دەکرێ ئاماژەیەک
بدەن کە لەو ولاتە گۆڕانکاری بنەرەتی دینێتە ئاراوە ؟
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی : بێگومان ئەو هەلبژاردنە
گرنگترین هەلبژارنی تاریخی کۆماری تورکیایە لە ساڵی ١٩٢٤ ەوە تا ئێستا لە بەرئەوەی
کە سەرۆک کۆماری کە ئێستاش سەرۆکی پارتی دەسەلاتدارە دەیەوێ ئەو هەلبژاردنە بکات ئامرازێک
بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکم لە تورکیا لە سیستەمی پەرلەمانی بۆ سیستەمی سەرۆک کۆماری
بە هێزلەگەل ئەوەی کە ئەو تائێستا نەیوتووە ئەو مۆدیلەی کە ئەو دەیەوێ چیە ، وەلێ دەیەوێ
رۆلی کابینە و پەرلەمان بێنێتە خوارەوە و زۆربەی دەسەلاتەکەی لە ئۆفیسی سەرۆک کۆمار کە خۆی لەوێ دایە کۆبکاتەوە ، ئەوە لەو بابەتەوە
زۆر گرنگە ، لە بابەتێکی دیکەشەوە ئەو هەلبژاردنە زۆر گرنگە چونکە ئەو پارتەی کە لەسەرەتادا
وەک پارتێکی کوردی دەستی پێکردووە لە دوای ئەوە ناوی خۆی گۆڕیوە ویستویەتی کە پەێڕەوی
لە پرۆگرامەکەی دا کە هەیە دەیەوێ پەیڕەوی لە پارتێکی گشتی کە هەموو گەلانی تورکیا
بگرێتەوە . ئەم پارتە بڕیاری داوە کە وەک پارتێک ، وەک هێزێک بێتە ناو پرۆسەی سیاسیەوە
، تا ئیستا کوردان نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن ، ئەوەش بە واتایەی کە هەر کات ویستویانە
وەک پارتێک بێنە نێو پرۆسەکە نەیانتوانی رێژەی پێویست یان بەربەستی %١٠ ی هەلبژاردن
تێپەڕێنن کە بێنە نێو پەرلەمانەوە ، تا ئێستا کوردان کە ویستیویانە و ئەو کارەیان کردووە
وەک تاک لە هەلبژاردن دا بەشداریان کردووە. کەدەرچوون ئەو کاتە لە پەرلەمان جارێکی
تر یەکیان گرتۆتەوە وەک هێزێک کاریان کردووە ، وەلێ ئەوە لە چوارچێوەی سیاسەتێکدا بوو
کە سنورەکانی ئەو سیاسەتە لە ناوچەی کوردی دا واتە ئەو ناوچەیەی کوردستانی باکور دا
بووە و سنورەکانیشی سنوری ئەتنیک بووە بەشی زۆری، بەڵام ئیستا کە پارتی گەلانی دیموکراتی
هەدەپە کە ویستویەتی وەک هیزێک بێتە ئاراوە ، ستراتیژەکەی گۆڕدراوە کە ئێستا مەسەلەی
ئەتنیک بۆتە مەسەلەیەکی لاوەکی و بۆتە مەسەلەی دیموکراسی ، چونکە پێیان وایە ئەوانەی
غەیری کورد واتە تورکن یان لازن ئەرمەنین یان جولەکەن یان هەر تەرتیبێکی دیکە ، ئەوانەش بێننە ناو پارتەکەیانەوە .
خۆبەرێوەبەری دیموکراتی لە بەرنامەی هەدەپەدا
هەیە و بێ پشتیوانی بەرفراوانی گەلەکانی تر نابێ
نەجیبە قەرەداغی : داخۆ کورد لەو مەسەلەیدا لەگەل
ئەتنیک و رەنگە جیاوازەکانی تر دا رێی و بژارێکی راستیان هەلبژاردووە ؟
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی: بە باوەڕی من ئەوە هەم
بۆچونێکی دروستە ، لەبەرئەوەی ئەگە رتۆ بتەوێ پارتێکی دیموکراتی دروست بکەی دەبێ باری
ئەتنیکی یان ئاینی یان جنسی نەبێ ، دەبێ سنور لەسەر ئەو بوارانە هەڵبگیرێ ، بۆ ئەوەی
کە خانمێکی تورک لە ئزمیر بتوانێ دەنگیان پێ بدات ، ئەگەر پارتەکە وەک پارتێکی کوردی
بێ ، ناتوانێ چونکە هەم پرۆگرامەکەی بۆ ئەو گرنگە نە پارتەکە کە کاتێ دەچێتە پەرلەمان
گرنگی بۆ ئەوان هەیە. لەبەرئەوە ئەوە دروستە کە دەبێ لەسەر ئەوە بەردەوام بن . کاتێ
سەیری پرۆگرامی سیاسی هەدەپە بکەی ، ئەوانە باسی ئۆتۆنۆمی دیموکراتی دەکەن و دەلێن
کە دەبێ لە کوردستان سەربەخۆییەکی دیموکراتی
یان ئۆتۆنۆمیەکەی دیموکراتیان هەبێ وەک ئەوەی لە پرۆگرامەکەیان دا هەیە و بەردەوام
بن لەسەری . ئەو ئۆتۆنۆمیە دیموکراتیە بە بێ پشتیوانی بەرفراوانی گەلەکانی غەیری کورد
لە چوارچێوەیەکی سیاسی ئێستادا ئەوە ناکرێ. ئەو کارەی کە کردوویانە لە ئەسڵ دا پەیڕەوی
لە ئوسولی پرۆگرامەکەی خۆشیان بووە . ئەوە بەو واتایە بووە کە ئەگەر تۆ بتەوێ کە لە
کوردستان ئۆتۆنۆمیەکەی ئیداری ، ئۆتۆنۆمی سیاسی ، ئۆتۆنۆمی فەرهەنگی و ئەوانەت هەبێ
دەبێ بە جۆرێک بێ کە سیاسەتەکانی کە دەیکەی لەگەل کۆمەلێک لە سیاسەتی بەرفراوانتری
دیکە تێکەڵ ببێ تا ئەو کەسانەی لە دەرەوەی سنوری ئەتنیکی کوردین بتوانن لەگەڵ ئەوە
پەیوەندیان هەبێ ، بۆ نمونە کۆمەلێک لە ئەستەمبول ، لە ئەنکەرە یان کۆمەلێک پیاو و
ژن لە چینی ناوەندی مۆدێرنی تورکیا کە دەیانەوێ دەنگ بە هەدەپە بدەن ، ئەوان ئەو دەنگە
بۆ مەسەلەی کوردی نادەن.
ئەمجارە زۆر کەس هەیە دەنگی تاکتیکی بەکاردینێ
نەجیبە قەرەداغی : : باشە ئەو دەنگەیان بۆ چی دەدەن ؟ دەیانەوێ بە دانی ئەو دەنگەیان بە هەدەپە
چی بگۆڕن ؟
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی : ئەوان دەیانەوێ لە
چوارچێوەی خەباتی هەلبژاردن دا لە تورکیادا مەیدانی سیاسی ، فکری ، گوتاری کە دروستکراوە
کە زۆر ئاکتۆری تایبەتی تیدایە بۆ نمونە کورد ،
لاز ، تورکی تێدایە ، تورکی ناسیۆنالیستی تێدایە ، تورکی دیموکراتی تیدایە
. ئەوانە ئامانجی کەسی خۆیان زۆر جیاوازی هەیە ، هەندێ لەوانە لەگەڵ چارەسەری پرسی
کورد دا نەبێ بەشێوەیەی کە هەدەپە دەیەوێ بەلام سنوری ئەو مەیدانە بە یەک شت دانراوە
، سنورەکە ئۆپۆزسیۆن بونە لەبەرامبەر ئاکەپە ، سیاسەتی ئاکەپە و ئەو دەسەلاتەی کە ئەرۆدغان
دەیەوێ لە تورکیا بە دەستی بێنێ
نەجیبە قەرەداغی : ئەو دەنگانە پێشتر زیاتر بۆ جەهەپە
و مەهەپە دەچون ، ئەگەر بۆ ئاکەپەش نەچوایە .، لەم قۆناغە ئەو دەنگانە چی گۆڕانکاریەکی
بەسەردا دێت ؟
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی : ئەوانەی بە زۆری لەو
لایەنەوە دێن لە دوو ڕووەوە دێن یان ئەوانەن کە لە سالی ٢٠٠٢ ەوە تا هەڵبژاردنی سەرۆک
کۆماری ساڵی پێشوو ، ئەوانە بەردەوام دەنگیان بە ئاکەپە داوە ، ئەوە بەو واتایە نایەت
کە ئەوانە بٶچونی ئیسلامیان هەبووبێ یان ژیانیان وەک ئاکەپە بێ، یان لەگەل زۆربەی پرۆگرامەکەی
ئاکەپە بووبن. ئەوانە بەهۆیەکی تر دەنگیان داوە کە ئاکەپە دەتوانێ پارتێکی چاکسازبێ
و بیەوێ دەسەڵاتی ئەرتەش بێنێتەخوارەوە ، دەیەوێ سیستەمی ئابوری باش بەریوەبەرێ بێ
ئەوەی ئاراستەی بکە بە ئایدۆلۆژی ئیسلامی ، تا ئەوێ لەگەڵی بوون بەڵام دوای دیسەمبەری
٢٠١٣ کە مەسەلەکانی گەندەڵی ، بەرتیل و ئەو جۆرەشتانە لە ئاکەپە دا دەرکەوت ، ئەو کاتەش
سەرۆک وەزیرانی تورکیا کە ئیستا سەرۆک کۆمارە نەیدەویست پەیگیری ئەو کارە بکات یان
هێزی دادوەری بە دوای بکەوێ و کەسانی پێشێلکار بدۆزنەوە بەڵکو هاتن نکوڵیان لەوە کرد
. لە جێی ئەوەی لێی بپرسنەوە ، دەرگای پرسیاریان داخست و مەسەلەکەیان کۆتایی پێ هێنا
. جا ئەوە زۆر بە ناحەزی دەرکەوت
ئەوای دەنگیان دابوو بە ئاکەپە لە ماوەی ئەو دە
سالەدا زۆر نائومید بوون ئیستا لەو مەیدانەدان و مومکینە لەم هەلومەرجەدا دەنگیان بدەنە
هەدەپە ، بەشێکیان دەیدەن و بەشێکیشیان بڕیاریان نەداوە کە بچنە لای مەهەپە یان جەهەپە
. لە لایەکی تر کۆمەلێکی تریش هەن لە غەیرە کوردەکان کە زۆربەیانن تورکەکانن کە ئەوان
وەک نەریتێک دەنگیان بە جەهەپە داوە بەلام ئێستا دەیانەوێ رای تاکتیکی بدەن ، رای تاکتیکی
بەو واتایەی کە دێن حساب دەکەن ، ئەوەیە کە جەهەپە هەمیشە رێژەیەکی لە نێوان لە سەدا
٢٥ ، ٢٦ ، ٢٧ دێننەوە هەتا تەنانەت تا ٢٩ بێنێتەوە ئەگەر یەک یان دوو کەمتر بێنێ ئەوە
زۆر کاریگەری لە سەر دەسەلاتی ئاکەپە ناکات بەلام ئەو کۆمەلە خەڵکە ئاوا بیر دەکەنەوە
کە بەشێویەکی تاکتیکی دەنگ بدەن کە هەرچەند پشتیوانی جەهەپە بوون بەلام شەخسیەن دەیانەوێ
و ئامانجی هاوبەشیان ئەوەی کە پێشی سەرۆک کۆمار ئەردۆغان بگرن و نەهێلن سیاسەتەکانی
جیێ خۆی بگرێ ، هەلدەگەرێنەوە و دەیانەوێ دەنگ بدەن بە هەدەپە. حسابی ئەوە دەکەن کە
لە سەدا یەک یان دوو بۆ هەدەپە زۆر گرنگە دەتوانێ لە بەربەستەکە تێپەڕ ببێ ، جا بۆ
ئەوەیە کە ئەو کارە دەکەن بەڵام کۆمەلێکی تریش هەیە لەو ماوەی شەش مانگەی کە کاروباری
هەلبژاردن دەستی پێکردووە هەواداری هەدەپە بوون و پێیان خۆشە و بەرنامەکانیان پێ باشە
، بۆچونی هەدەپەیان لەسەر سیاسەت پێ باشە کە لەبەردەم دەسەلات دا راوەستاون و پێشوازیان
لە سیاسەتی فراوانتر کردووە لە تورکیا ، لەسەر ئەو شەش مانگەی کە هەدەپە کاری کردووە
دەیانەوێ دەنگ بدەن . هەندێکیش هەیە کە زۆر وردتر بە دواداچونیان بۆ بەرنامەی هەدەپە
کردووە و پێیان بەرنامەیەکی دیموکراتیکە و باشە. لە نێودا پارتی دەسەلاتدار بەتایبەتی خودی سەرۆک کۆمار کە ئەو دۆخە دەبینێ
هاتوون و کەمپەینێکیان نەگەتیڤیان دەست پێکردووە کە سێ قۆناغی هەبێ یەکەمیان ئەوەیە
کە هێرش بکەنە سەر ئوسوڵ و پرەنیسپەکانی هەدەپە و پەیوەندیان لەگەڵ بزوتنەوەی چەکداری
کوردی و دواتر هێرش بکەنە سەر کەسایەتیەکان و تیرۆری کەسایەتیان بکەن و کەسایەتیان
بشکێنن بەشێوەیەک کە ئاماژەیان بە برای س.دەمیرتاش ، نورەدین دەمیرتاش کردووە کە لەگەڵ
هێزی گەریلا بووە و بیکەنە مەسەلەیەکی شەخسی پاشان جەخت لەسەر ئاین و مەزهەب دەکەن
بە شێوەیەک دەلێن کە هەدەپە تەنیا حزبێکی سیکۆلار نیە کە پێی وایە ئاین و مەزهەب لە
سیاسەت جیاببنەوە و نابێ ئاین دەست لە سیاسەت وەرنەدات ، تەنیا ئەوەنیە بەڵکو دەیانەوێ
بلێن کە ئەوە پارتێکی دژی مەزهەبیە ئەگەر بێتە پەرلەمانەوە و بەربەستەکە تێپەڕێنێ سیاسەتی
بێ ئەخلاقی و بێ مەزهەبی پێش دەخات و دەلێن ئەونە چەپی پێشتر مارکیسیست و سۆسیالیست
و بیر و باوەڕی مەزهەبیان نیە ، نەک تەنیا بیر و باوەری مەزهەبیان نیە بەڵکو بیر و
باوەڕی مەزهەبی بە شتێکی نەگەتیڤ و خراپ دەزانن ئەگەر دەسەلاتیان هەبێ ئەوە لە ناودەبەن
لە راستی دا ئەو بەشەی پڕوپاگەندە زۆر تەئکیدی لەسەر دەکرێتەوە لەبەرئەوەی کە ئاکەپە
دەزانێ بەشێکی زۆر لە کۆمەلگە و جەماوەری کوردی بەشێویەکی نەریتی مەزهەبین لەوانەیە
مەزهەبەکەیان سیاسی نەبێ بەلام دیانەتەکەیان دیانەتی شەخسی و باوەڕیانە ، جا ئەوانە
لە شتی وا دەترسن بۆ ئەوەش ئێستا پارتی دەسەلاتدار و خودی جەنابی ئەرۆدغان زۆر ئەو
پروپاگەندەیە دەکات.
سەرۆک کۆمار ئەردۆغان یاسا پێشێل دەکات و
پروپاگەندە بۆ ئاکەپە دەکات
نەجیبە قەرەداغی : ئەمە جۆرێک لە پێشێلکاری نیە
کە ئەو دەیکات لە کاتێکدا ئەو سەرۆک کۆمارە بۆی نیە بکات و وەک سەرۆک کۆمار دەبێ بێ
لایەن بێ ؟
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی: نابێ ئەو کارە بکات
، بەپێی یاسای تورکیا دەبێ ئەرۆدغان بێ لایەن بێ ، نابێ لایەنگری لە پارتێکی تایبەت
بکات . سەرنج بدە کاتێ عەبدوڵا گوڵ سەرۆک کۆمار بوو ، ئەو خۆی یەکێک لەوانە بوو کە
حزبی دەسەلاتداری ئاکەپەی لەگەل ئەرۆدغان ، بولەند ئارینج و لەگەڵ چەند کەسی دیکە دامەزراند
بەلام کاتی عەبدولا گول بووە سەرۆک کۆمار بێ لایەن بوو . تەنانەت کاتێ مەسەلەی گەندەلی
و بەرتیل هێنایە پێشێ لەگەل پارتەکەی خۆی لەگەل ئەردۆغان ناکۆک بوو کە نابێ ڕێ بە یاسا
و عەدالەت بگرێ.
ئاکەپە فاکتۆری ئاین و مەزهەب بەکاردێنێ
نەجیبە قەرەداغی : ئەمە دەکرێ ببێتە فاکتۆرێکی نەگەتیڤ
بۆ ئاکەپە ، جەماوەر ئەمە دەخوێننەوە داخۆ ؟
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی: فاکتۆرێکی نەگەتیڤ دەبێ
لە نێوان بەشێک لە دەنگدەران ، ئەوانەی زۆرتر لە شارە گەورەکانن و ئەوانەی لە چینی
ناوینی مۆدێرنن، ئەوانەی زیاتر بایەخ بە بیر و باوەڕ و سیستەمی دیموکرتیک دەدەن ، ئەوانەی
کە زیاتر خوێندکار و دەرچووی زانکۆکانن ، ئەوانەی کە زۆر سیکۆلارن ،عەلمانین لە ژیان
و سیاسەت دا یان ئەوانەی کە بایەخ بە دیموکراسی رۆژئاوایی دەدەن . بەلام ئەوانەی کە
مەزهەبین و لایەنگری ئاکەپەن کاریگەریکی وای نیە چونکە ئەوانەی لایەنگری ئاکەپە زیاتر
مەزهەبی سیاسیە بۆ ئەوەش ئەو کارانەی ئەردۆغان دەیکات زۆر کاریگەری لەسەر ئەوانە نیە.
ئەوان پێیان وایە کە ئەرۆدغان وەک پالەوانێکی دەسەلاتدار کارەکانی کردووە ،ئەوە کە
ئاکەپەی ڕاگرتووە ، کاتێ ئەرۆدغان دەچێتە شارێکی وەک مالاتیا یان کۆنیا ئەو جێگایانەی
کە زیاتر مەزهەبین لەوێ کاتێ ئەردۆغان قسە دەکات وەک ئەوان قسە دەکات بۆ بیر و باوەڕی
ئەوان قسە دەکات ، چونکە ئەوانیش بیر و باوەڕیان وایە کە ئەو ئازادیە تاکەکەسیانەی
لە تورکیا هەیە نەک هەر بە زیادی دەزانن بەڵکو بە زیان و خراپیشی دەزانن . ئەوانیش
باوەڕیان وایە کە ژن دەبێ موحەجەبە بێ ، دەبێ لە خوێندن دا کوڕ و کچ جیا بکرێنەوە ،
یان ژن و پیاو پێش زەواج نابێ پەیوەندیان هەبێ
، یان باوەڕیان بەوەیە کە نابێ ئەلکهول بفرۆشرێ یان ئەو جێیەی کە ئەلکهولی لێ دەفرۆشرێ
دەبێ نێوانی هەبێ لەگەل مزگەوت ، ئەوانە دەزانن ئەوە هەنگاوی یەکەمە بەپێچەوانەوە ئەوانەی
لە چینی ناوینن کاتێ دەبینن کە دەبێ ئەلکهول
لەو سەعاتە بۆ ئەو سەعاتە بفرۆشرێ لە دەرەوەی ئەو سەعاتە نابێ بفرۆشرێ یان ئەو
خواردنگانەی کە ئەلکهول دادەنێن لەگەل خواردن نابێ نزیک لە مزگەوت بن. ئەوانەی لە چینی
ناوەندین دەترسێن
.
نەجیبە قەرەداغی : ئەگەر بە بیرتان بێ ماوەیەک لەمەوبەر
ئەردٶغان لەسەروبەندی گفتوگۆکانی سەر دانوسانی تورکیا لە ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا
باسی لەوە کرد کە خواردنەوەی نیشتمانی ئێمە ماستاوە ، لە بەرامبەر ئەوەەی کە خواردنەوەی
نیشتمانی لە ئەوروپا بیرەیە .
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی: من ئەوە دەقیق نازانم
کە ئاوایە بەلام من هاورێیەکم هەیە لە سەر کۆمەڵناسی خواردن و خواردنەوە کار دەکات
، ئەو پێی وایە کە خواردنەوەی ئەلکهول لە سەردەمی ئیمپراتۆری عوسمانی زۆر زۆر باو بووە
، ئەوەی ئیستا هەیە لە تورکیا مێژووییەکی هەیە و ئەوە نیە کە خەڵک لێرە لە سالی
١٩٢٤ ەوە دەستیان بە عەرەق خواردنەوە کردبێ پێشتر لە ئیپمپراتۆریەتی عوسمانی باو بووە
، شەرابیان زۆر خواردۆتەوە ، هەر وەک چۆن لە ئێران وا بووە . وە ئەوە وانیە کە سیستەمێکی
عیلمانی دامەزرابێ و ئەو دەستیان بە ئەلکهول خواردنەوە کردووە. ئەڵبەتە کە ئەردۆغان
وا قسە دەکات بۆ باری سیاسی دەیکات ، هەندێک دەزانن کە پێدەچێ ئەوە دروست نەبێ ، کۆمەلێکیش
نازانن کە ئەوە دروستە یان دروست نیە.
لە کوردستان نەک ناسنامەی ئەتنیکی بەڵکو بەرنامەی
دیموکراتی بایەخی زیاترە
نەجیبە قەرەداغی : دکتۆر با بێینە سەر کوردستان
وەک جوگرافیا لەوێ ململانێیەکی سەخت هەیە لە نێوان هەدەپە و ئاکەپە ، فاکتەری یەکلاکەرەوە
بۆ هەردوولا چی دەبێ لەوێ ؟ ئاکەپە چی دەدات پێش لەوێ ؟
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی: بە باوەڕی من لە باکوری
کوردستان ئەو خەباتە هەدەپە و ئەوانەی ئاکەپە دەیکەن لە مەیدانی سیاسی دا ناسنامەی
ئەتنیکی بایەخی خۆی لە دەستداوە . لەبەرئەوەی کە مەسەلەی دیکەی ئەسلی هاتۆتە پێشەوە
لەو خەباتەدا ، بۆچی ؟ چونکە ئەوانەی کە پشتوانی ئاکەپە کوردن ئەوانەی پشتوانی هەدەپەش
هەر کوردن ، واتە کوردبوون گرنگی سیاسی نەماوە ، ئەوەی کە بایەخی سیاسی هەیە بەرنامەی
دیموکراتی هەدەپەیە و ئەوەی ئاکەپەش بیر و باوەڕە مەزهەبیەکەیانە . بۆ ئەوەش خەباتە
سیاسیەکە لە مەیدان و چوارچێوەیەکی دیکەدایە
وەک مەسەلەی چینایەتی ، رەگەزی مەسەلەی ژن و پیاو گرنگیان هەیە ، ئەو ململانێیە
لە نێوان هێزێکی سیکۆلاری دیموکراتی کە کوردە بەرامبەر بە هێزێکی مەزهەبی پشتیوانی
ئاکەپەن کە ئەوانیش کوردن . بۆ نمونە من و تۆ کوردین ، کێشەی کوردبونمان نیە هەردووک
زمانەکەمان کوردیە و دروشمیش لە دژی یەک دەلێینەوە و خۆپیشاندان دەکەین بە دژی یەکتر
ئەو گرنگ نیە ، ئەوەی کە مەبەستمە و گرنگە ئەوانە دەیانەوێ لەو چوارچیوەیەدا جیاوازە
، گرنگی ئەو هەلبژاردنە ئەوەیە کە باری ئەتنیکی شکاندووە ، ئەوە زۆر گرنگە . کوردەکان
ئێستا لە مەیدانێک دا خەبات دەکەن کە باری ئەتنیکی نەماوە ، ئەوەمان لە بیر بێ کە کورد
تازە بەوە گەیشتوون لە هەلبژاردنی پێشوودا لە مەیدانێکدا خەباتیان دەکرد ، پروپاگەندە
و قسەیان دەکرد کە چوارچێوەکەی ئەتنیک بوو ، لە ئزمیر ، ئەدەنە ، ئەستەمبول و ئەنکەرە
قسەکانیان زۆر نەدەڕۆیشت ، ئەگەر بڕۆشتایە لە نێو کۆمەلێکی چەپ و دیموکراتانێکی کە
دەیانەوێ پرسی کورد چارەسەر ببێ ، چونکە هەمیشە لە هەڵبژاردن دا پرسی کورد پرسێکی لاوەکی
بووە ، بەڵام کە ئیستا ئەو سنورە شکاوە و ئەو مەیدانە تازەیە کراوەتەوە ، کوردەکان
کە ئێستاش ئەو کارە دەکەن لە مەیدانێکی غەیرە ئەتنیکی دا کەمپەینیان دەکەن ، بە بۆچونی
من ئەوە پێشکەوتنێکی زۆر گەورەیە ، ئەگەر کوردەکان لەرۆژی حەوتی حوزەیران بتوانن بەربەست
تێپەڕ بکەن بە باوەڕی من هەنگاوێکی مێژوویی دەبێ لە باکور و بە تایبەتی لە کوردستانی
گەورە ،
کاریگەری دەبێ.
کۆبانێ زۆر کاریگەری گرنگی لەسەر هەلبژاردن و عەشیرەتەکانی باکور دەبێ
نەجیبە قەرەداغی : ئەوەی لە کۆبانێ ڕووی دا چی کاریگەری
دەبێ لەسەر کەشی هەلبژاردن ؟
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی: ئەوەی لە کۆبانێ رووی
دا لە دوو بابەتەوە کاریگەری هەبووە ، یەکێکیان ئەو بەرخودانەی لەوێ بوو کە دەنگی دایەوە
و لە دواییش دا سەرکەوت ، ئەوە زۆر گرنگ بوو نەک تەنیا لە کوردستان لە ناوچەکەدا بەڵکو
لە دونیادا گرنگی پەیدا کرد وەلێ زیاتر لە ناوچەکە و کوردستان دا گرنگی هەبوو. یەکێکی
تر ئەو کاتە ئەو هەلویستەی جەنابی ئەرۆدغان گرتی نیسبەت بە کۆبانێ و ئەوەی کە حزبەکەی
و حکومەتەکەی گرتی لە سەر کۆبانێ ، ئەوەش کاریگەریەکی نەگەتیڤی هەبوو لە کوردستان و
بە تایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەوەی من خوێندوومەتەوە و لەگەل کۆمەڵێ کارناسان
و چاودێرانی سیاسی تورکیا قسەم کردووە بە تایبەتی لە نێوان تورکەکان و کوردەکان دا
کاریگەری هەبوو ، کۆمەلێک لە کوردە مسلمانەکان ، موسڵمان مەبەستم ئەوانەی خۆیان بەئیسلامی
دەزانن ،جەماعەتێک لەوانە هەر لە بەر مەسەلەی کۆبانێ بوو لە هەلویستی ئەردۆغان پساون
، ئەوە کاریگەری پۆزەتیڤی بۆ کوردەکان هەبوو لەو بابەتەدا. شتێکی تر کە لەوانەیە تا
ئێستا ئیشارەیان پێ نەکردووە کە لە سیاسەتی کورد دا زۆر گرنگە مەسەلەی عەشایەرە . ئێستاش
عەشیرەت لە کوردستانی تورکیا کاریگەری سیاسی گەورەیان هەیە ، عەشیرەت دوو بەش بوون
یان ئەوەتا لە دژی بزوتنەوەی کوردی بوون و لەگەل حکومەت کاریان دەکرد ، یان ئەوانە
بوون کەلە دژی نەبوون و بێ دەنگ بوون بەلام هاوکاریشیان نەدەکرد ، ئەگەر هاوکاریشیان
بکردایە شتێکی وا نەبوو و بێ دەنگ بوون . ئەو کارەساتەی لە کۆبانێ قەوما و ئەو هەلوێستەی
کە ئەرۆدغان گرتی کاریگەری لەسەر عەشیرەتەکانیش کرد بە تایبەتی عەشیرەتەکانی دەوروبەری
باتمان ، وان و بەشێک لە عەشیرەتەکانی سێرت ئێستا بڕیاریان دا کە دەنگ نەدەن بە ئاکەپە
. ئەونەی کە چوون لێکۆلینەوەی مەیدانیان کردبوو بۆچونیان ئەوە بو کە کۆبانێ کاریگەریەکی
زۆر بووە لەوەدا ، ئەوەی لەوێ قەوما کە هێزی تورکیا هاتووە و سنوری گرتووە ئیجازەیان
داوە کە چەک ، کەرەسە و تەقەمەنی بۆ داعش بچێ بەڵام نەیانهێشتووە خەڵک بچێ یارمەتی کۆبانێ بدەن و شەڕ بکەن ، ئەرۆدغانیش هات بە راشکاوی
وتی کۆبانێ هیچ نیە . هیچ سیاسەتمەدارێک نابێ لە جێیەکی قەرەباڵغ دا بە ڕەهایی قسە
بکات چونکە تۆ نازانی سبەینێ چی دەبێ ، بەلام ئەو هات وتی کۆبانێ دەڕوخێ ، بەلام کۆبانێ
نەڕوخا و سیاسەتەکەی ئەویش فەشەلی هێنا . جا ئەوە کاریگەری پۆزەتیڤی هەبوو لەسەر بۆچونی
بەشێک لە بۆچونی هێزەکانی عەشیرەتی کورد چونکە دەنگەکانی عەشیرەتەکانی کورد گرنگە لەو
بارەیەوە چونکە ئەوە نیە کە یەک کەس بڕیار دەدات یان دوو کەس بڕیار دەدات . ئەگەر هەلوێستی
عەشیرەتێک بگۆرێ بە واتای ئەوەیە کە ٤ - ٥ هەزار کەس هەلویستیان دەگۆڕێ. لەو بابەتەوە
گرنگ و کاریگەری هەبوو.
دژایەتی هەندێ کەس و لایەن لە بەرامبەر هەدەپە
لە باشور سیاسەتێکی دروست نیە و هەڵەیە
نەجیبە قەرەداغی :ئیوە دیارە ئاماژەتان بەو کرد
کە دەرباز کردنی بەربەستی %١٠ ی هەلبژاردن کاریگەری لەسەر کوردستانی گەورەش دەبێ ،
هەرچەندە کوردانی بەشەکانی تر لە ڕووی یاساییەوە مافی دەنگدانیان نیە بەلام باس لەوە
دەکرێ کە لە ڕووی مەعنەویەوە کاریگەری هەیە بەلام لە چوارچیوەی هێزە سیاسیەکانی باشوری
کوردستان بەشێک لەوانەی رۆژهەڵات جۆرێک لە دابەش بوون هەیە لە نیوان لایەنگری لە هەدەپە
و ئاکەپە ، ئێوە ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە ، ئەگەر بابەتیانە هەلیسەنگێنین ؟ لە داخۆ ئەمە
تەندروستە بۆ کورد بەتایبەتی لە باشور ؟
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی : ئەوە بۆچونیکی هەڵەیە
، ئەوە تێکەڵە لەگەل چەند کێشە و بابەتی جیاواز لەگەڵ یەکتردا ،بە باوەڕی من ئەو کەسانە
یان ئەوهێزانەی ئەو کارە دەکەن بەشێوەیەکی دروست تەماشای گرنگی مێژوویی ئەو هەڵبژاردنە
ناکەن ، ئەگەر ئەوانە ئاوا تەماشای بکەن ، بزانن کە هەتا گەر لەگەڵ بزوتنەوەی چەکداری
کورد گرفت و کێشەی گەورەیان هەبێ ، هەتا ئەگەر لەگەل هەدەپە و سەرۆکایەتی هەدەپە کێشەی
گەورەیان هەبێ ، دەبێ لێرەدا وەک کوردێک بۆی بچن ، چونکە ئەگەر ئەوە سەرکەوێ ئەوە ئاکامی
پۆزەتیڤی بۆ هەموویان هەیە. من بە دلنیایەوە لە سەر ئەوە قسە دەکەم ، ئەگەرهەدەپە بەربەستی
لەسەدا ١٠ تێپەرێنێ بتوانێ ٦٠-٧٠ نوێنەر بنێرێتە پەرلەمان لە پەرلەمان ببێتە قورساییەک
کە حکومەتی تورکیا بزانێ کە بە بێ ئەوان و بێ ئەرێ کردنی ئەوان ناتوانن زۆر کار بکەن
یان ببێتە وەزنێک کە لەسەر هەندێ سیاسەت بەرهەلستکەری ئاکەپە بکات و لەگەل جەهەپە یەکبگرن
لە پەرلەمان دا لەسەر هەندێ سیاسەت بۆ نمونە لە نوسینی دەستوری بنەڕەتی دا یان بەرهەلستکار
لە بەرامبەر سیاسەتی ئاکەپە لە مەسەلەی دادگاکان و پۆلیس و شتی تر ، یان ئەو یاسا ئەمنیەی
کە ئاکەپە هێنایە ئاراوە بەرهەڵستکاری بکەن بەهەرحال ئەگەر هەدەپە لەو لەو بەربەستە
تێپەڕێ و ئەو هێزەی لە پەرلەمان ببێ ، مسۆگەر کە گرنگ و قورسایی سیاسەتی کوردی باشور
لە تورکیادا زیاتر دەبێ چونکە حکومەتی تورکیا ناچار دەبێ بایەخێکی زۆرتری پێ بدات بەشێوەیەکی
یەکسانیخوازی نەک وەک ئەو پەیوەندیە نەوتیەی هەیە ، کە پەیوەندیەکی دروست نیە ، تورکەکان
کارێکی وا ناکەن ، سودێکی زۆر دەبەن ، نەوتەکە هی کوردەکانە بەلام سودەکەی بۆ تورکەکانە.
کاتێ کورد لە هەلبژاردن سەرکەون بایەخێکی زۆری بۆ باشور هەیە . من وای بۆ دەچم هەندێ
لەوانەی باشور کە بە نوسین ، گوتار دژایەتی خۆیان بۆ هەدەپە دەردەبڕن دەبێ بزانن کە
دژایەتی هەمیشە سنوری هەیە ، شتێکی تاکتیکیە ستراتیژی نیە . هەرگیز لە سیاسەت دا نە
دژایەتی رەها هەیە نە پشتیوانی ڕەها هەیە ، ئەوەی لەوێ دانیشتووە لەو تێناگات ئەوەی
ئەو مەقالەیە دەنوسێ و ئەو قسە دەکا ئەوە تێناگات و وا دەزانن مخالەفەتیان لەگەل ئەوە
موتڵەقە و هەمیشە دەبێ وابێ. لە سیاسەت دا تۆ دژایەتی دەکەی لەبەرامبەر هیزێکی لەسەر
دوو بابەت بەلام کاتێ بێتە سەر بابەتێکی تر ئەوە دەبێ بلێی من پشتیوانی لێ دەکەم بەلام
ئەوانە درک بەوە ناکەن. بە باوەڕی من ئێمە لە هەلومەرجێکداین کە دەبێ کۆمەک و پشتیوانی
مەعنەوی ، تەنانەت پشتیوانی مادی بکرێ. دەبێ لەم کاتی هەلبژاردنەدا ئەوە بکرێ. مومکنە
ئەوان کێشەیان هەبێ لەگەل نفوز و سیاسەتی تر لە کوردستانی تورکیادا یان لە ڕۆژئاوادا
یان لە شەنگال دا یان لە جێیەکی تر ، بەلام هەلبژاردن شتێکی دیکەیە ، هەر کەس لە سیاسەت
دا وا بیر بکاتەوە کە هەم دژایەتی موتلەقە یان هەم پشتیوانی موتلەقە بە باوەڕی من هەلەیەکی
گەورە دەکات.
هەدەپە بەربەستی لەسەدا ١٠ تێەپەرێنێ
نەجیبە قەرەداغی : پێشبینیتان بۆ هەشتی حوزەیران
چیە کە رۆژێک دوای هەلبژاردنە ، بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە لەگەڵ قۆناغی رابردوو گۆڕانکاری
هەیە ؟
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی : لەڕاستی دا پێشبینی
کردن زۆر زەحمەتە یەک هەفتە ماوە و لە سیاسەتیش دا یەک هەفتە زۆر دوور و درێژە ، زۆر
کار دەکرێ لەو هەفتەیەدا ، ئەوەندەی من بە دوای میدیای تورکی دا چووم و خوێندومەتەوە
، گوێم داوەتێ و چاوم لێکردووە ، زۆرێک بۆچون و پێشبینیان ئەوەیە کە تێپەڕبونی هەدەپە
لە بەربەستی هەلبژاردن ٥٠-٥٠ یە. هەندێ دەلێن خوارترە ، هەندێ دەلێن نەخێر زۆرترە.
بەلام زۆرێکیان دەلێن ٥٠-٥٠ یە. من خۆم ئەگەر ئەوەی خوێندمەتەوە بەلاوە بنێین، بڕیارەکە
لەسەر ئەوە بدەین کە چیم دیوە ، لەگەل خەڵکی قسەم کردووە و ئەو شتانەی کە خۆم بیستومە
و خۆم گوێم لێ بووە ، پێم وایە کە هەدەپە لە ٥٠-٥٠ تێپەڕ بووە . ئەگەری هەیە لە
%٥٥ کە بەربەستی لەسەدا ١٠ ی هەلبژاردن تێپەڕێنێ. بەلام ئەم هەفتەیە زۆر گرنگە کە ئەو مەسەلانەی قورسایی
داوە بە مەسەلەی دیموکراتی ، مەسەلەی ژنان ، مەسەلەی سیاسەتی دەرەوە و ئابوری و ئەو
مەسەلانە دەبێ قورسایی لەسەر ئەوە بێ ، نابێ بگەرێنەوە مەسەلەی ئەتنیکی و کوردی گەورە
بکەنەوە ، تا ئێستا سیاسەتێکی دروستیان پەیڕەو کردووە و دەبێ لەسەر ئەوە بەردەوام بن،
ئەوە یەکەم . دووەمیش نابێ وەلامی ئەو تەحریک و پرۆڤاکاسیۆنانەی ئاکەپە وەلام بدەنەوە
کە دۆخەکە تێک دەدات. تا ئیستا ماقول چۆتە پێشەوە لە توند و تیژی و گوشار و شەڕ و هەڵا
خۆیان لاداوە و سەربەخۆیی فکری خۆیان پاراستووە کاتێ کە بریار دەدەن و جیبەجێ دەکەن
لەسەر شتێکی کە ئەمری واقیع دێتە پێشی دەبێ ئەوە بپارێزن. دەبێ ئاگاییەکی قوڵیان هەبێ
لەسەر ئەو پروپاگەندەی حکومەت لەسەر مەزهەب و دیانەت کە هەدەپە هیزێکی دژی مەزهەبە
، دەبێ هەدەپە بە سیاسەتێکی زۆر ڕاسیۆناڵ ، عەقلانی و بە کاریگەر بەربەرەکانی بکات.
نەجیبە قەرەداغی : پرۆفسیۆر عەباسی وەلی مامۆستای
زانکۆی بوغازجی لە ئەستەمبول زۆر سوپاس بۆ بەشداریان لە بەرنامەی رۆژانەی رادیۆی دەنگی
کوردستان.
پرۆفسیۆر.دکتۆر عەباس وەلی:منیش زۆر سوپاست دەکەم
، منیش هەرواتر.