Tuesday, April 28, 2015




پەیامی بەرێز ع.ئۆجالان بۆ دووەمین کۆنفرانسی تێزی ئەلتەرناتیڤ " تەحەدایی کردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و بونیادنانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی لە زانکۆی هامبۆرگ ڕۆژانی ٣-٥ نیسان بەسترا



بەشدارانی هێژا،
من لە کەسی هەموو بەشدارانی کۆنفرانسەکە ، بەرێزەوە سڵاو لە هەموو لێگەڕانی حەقیقەت دەکەم. کۆنفرانس بۆ ڕووناک کردنەوە و پێکهێنانی پارادیگمای ئازادیە سەرەکیەکانی رۆژی ئەمرۆ و ئایندەمان بایەخێکی مێژوویی هەیە. بۆ ئەوەش لەو باوەڕەدام کۆنفرانسەکە هاوپشتوانیەکی واتادارە لە پێکهێنانی یۆتۆپیای ئازادی مرۆڤایەتی .  من خۆزگەم دەخواست کە لە جێی کۆنفرانسەکە لا ئێوە بومایە بەلام پێم وایە بە هەموو هەست ، فکر و گیانمەوە لای ئێوەم . بۆ ئەوەش من خۆم وەک شەڕڤانێکی ئازادی دژ بە سیستەمی سەرمایەداری دەبینم ، جۆشێکی گەورەم هەیە لە پای بەش کردنی ئەو فکرەی پەرەم پێداوە
مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە زۆر ڕووەوە گەیشتۆتە ئاستێک کە ناتوانی ئیتر درێژە بە بونی خۆی بدات. ئەگەر لە چاوتروکاندنێک دا بیژمێرین، کێشەکانی زیاد بونی ژمارەی دانیشتوان ، لە ناوچونی سامانە سروشتیەکان ، تێکچونی ژینگە ، داڕمانی کۆمەلایەتی کە بێ سنور گەورە دەبێ ، هەڵوەشانەوەی بەها ئەخلاقیەکان ، دابڕانی چەمکی کات و شوێن لە ژیان دا ، کۆتایی هاتنی گەورەیی ژیان و لایەنە شاعیرانەییەکەی  لە ئەنجامی نەخۆشی شڵەژان ، عەمبارەکانی چەکی ناوکی کە جیهانی کردۆتە بیابان ، شەڕی ناکۆتا کە هەموو بنەما کۆمەلایەتیەکانی هەژاندووە ، ڕۆژی مەحشەر دێنێتەوە بیری مرۆڤ.  گەیشتۆتە ئاستێک کە نیشانمان دەدات ڕژێمی حەقیقەتەکان دەست بەتاڵ بووە. لە دۆخێکدا نیم کە تابلۆیەکی بێ هیوایی نیشان بدەم ، بەلام ناتوانین لە ئاست لە دەستچونی ژیان ، بێ دەنگی لێ بکەین و هاوار نەکەین.
مۆدێرنیتەی ڕۆژئاواییەکان کە لە سێیانەی : ئەندۆستریالیزم ، نەتەوە-دەوڵەت و سەرمایەداری پێکهاتووە خوێناویترین سەردەمن . مۆدێرنیتەیەکی پشت ئەستورە بەو سێیانەیە کە ناویەکداچون و وەرچەرخاون بۆ شەڕی ناوخۆیی کۆمەڵگە ( فاشیزم)، هەروەها لە نێو دەولەت-نەتەوەکان دا گۆڕاوە بە شەڕێکی نەتەوەیی ، ناوچەیی و جیهانی. هەمیشە دووبارەی دەکەینەوە کە قازانج شێوازی پێکهاتە و دابەشکردنی هەیە . دەوڵەت-نەتەوە پیشەسازگەرایی کردۆتە ئامانجی سەرەکی ، داوا و وەسفی سەرمایەداربوون دێنێتە ئاراوە . کاتێ سەرمایەداری ، دەوڵەت نەتەوەی وەک ئامانج بۆ خۆی  دەست نیشان کرد ، ئەوەی چەسپاند کە مەگەر بە لکاندنی دەوڵەت بە نەتەوەپەرستیەوە ، دەوڵەت-نەتەوە لەسەرپێ بمێنێ ، سەرنجیان بۆ ئەوەدا کە ئەو شێوازەی دەوڵەت بۆ قازانج زۆر پێویستە.
دۆخی شەڕی سەرتاسەری مۆدێنریتەی کاپیتالیزم لە بەرامبەر کۆمەڵگە ، پێکهێنانی مۆدێنرنیتەی دیموکراتی لە هەموو کاتێک زیاتر بەپەلەتر و ناچارتر دەکات. مۆدێرنیتەی دیموکراتی کە بونی هێزی شارستانی دیموکراتی ڕۆژی ئەمرۆیە ، نە ساتەوەختی سەردەمێکی زێرینی ڕابردووە، نە یۆتۆپیایەکی تێکەڵ بە ئایندەیە، بەڵکو هەلویست و هەبونی هەمو تاک و یەکە کۆمەلایەتیەکانە کە ناکۆکن لەگەڵ هەبوون و بەرژوەندیەکانی سیستەمی سەرمایەداری.
بۆ ئەوەی ببیتە ئەلتەرناتیڤ، دەبێ لە دژی مۆنێرنیتەی سەرمایەداری کە لەسەر سێ ستونی سەرمایەداری، پیشەسازگەرایی و نەتەوە-دەوڵەت پێک دێت، پەرە بە سیستەمێک بدات. مرۆڤ دەکرێ لە دژی ئەو سێ کۆلەکەیە ، پێشنیاری کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی ، پیشەسازی ئەکۆلۆژی و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی بکات کە مۆدێرنیتەی دیموکراتی پێک دێنێ . بە میراسی شارستانی دیموکراتی ، هەلی سەرکەوتنی دژبەرانی سیستەم لە نێو سیستەمی نوێ دا زیاتر دەبێ.
کۆنیفیدرالیزمی دیموکراتی شێوازی سیاسەتی سەرەکی مۆدێرنیتەی دیموکراتیە، رۆلێکی ژیانی بۆ خەباتی سەرلەنوێ بونیادنانەوە دەگێرێ. مۆدێرنیتەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی کە لە ئاست کێشەکانی ئەتنیکی ، ئاینی ، شارنیشینی ، خوجێی ، ناوچەیی و نەتەوەیی کە سەرچاوەکەی مۆدێلی کۆمەلگەیەکی فاشیست ، یەک ڕەنگ ، مۆنۆلۆتیک و هەژەمۆنە کە بە دەستی دەوڵەت-نەتەوە بونیادنراوە . بژاری نەتەوەی دیموکراتی دەخاتە ڕوو و دەبێتە چارەسەری. لە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتی دا هەموو راستیەکانی ئەتنیکی ، چەمکە ئاینیەکان ، باژارڤانی ، هەرێمی  ، خۆجێی و نەتەوەیی خاوەن ئەو مافەن کە بە پێکهاتەی فیدرالی و بە ناسنامەی خۆجێی بەشداری بکەن.
ئایدۆلۆژی مۆدێرنیتەی دیموکراتی لە گۆشەی ڕێنمایی دەستەلایپەرستی و دەوڵەتپەرستیەوە لە کێشەکان ناڕوانێ. هەم سیستەمەکانی شارستانی کە لە مێژوودا لە چوارچیوەی دەسەلات و دەولەت دا پەرەی پێدراوە، هەم مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە لە رۆژی ئەمرۆ دا نوێنەری شارستانی مێژووییەکانە ، بە رێنمایی دەسەلاتداری و دەوڵەت لە کێشەکانی کۆمەڵگە دەڕوانێ. نەخاسمە دەولەت و دەسەلاتداری خۆی سەرچاوەی ئەو کێشانەیە کە دەیەوێ بە ڕێبازی توند و تیژی چارسەریان بکات.
بە ڕاستی نەخۆشی دەسەڵاتداری ژیان دەکوژێ . سەردەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی لەو جێیەی ژیان بەهۆی نەخۆشی دەسەلاتداریەوە لەناوچووە ، سەردەمی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە دەسەڵاتداری تێدا نیە و ژیانی ئازادی ژنان ، ئەکۆلۆژی ، ئابوری دەگرێتەوە ، نەتەوەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتی لەو پرۆژانە  نیە کە بێ ژنان پێک بێ ، بەپێچەوانەوە شۆرشگەلێکن کە هەر هەنگاوێکی بە زانایی و چالاکی ژنان پێک دێن . بونیادنانی کۆمەڵگەی ئابوری ، بە پێشەنگی ژنان پێک دێ و بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەش هێزی کۆمینالی ژنان پێویستیەکە.
زانستی ئەکۆلۆژی زانستێکە کە بە وشیاری ژن کۆمەڵگە دەگەیەنێتە یەک. لەبەرئەوەی کە ژن وەک ناسنامەش ژینگەپارێزە. بە کورتی سەردەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی سەردەمی شۆرش و شارستانی ژنانە. ژنان بە شیکاری راستینەی خۆی ، خۆی دەکاتە حەقیقەت و وەک بناغەی سەرەکی ژیانی ژنانی ئازاد بەشداری کۆمەڵگە دەبێ.
قۆناغی سەرمایەداری کە دەوڵەت و دەسەلاتداری بناغەی شارستانیەکەی پێک دێنێ، نەک تەنیا ئەو ئەقڵەی کە مرۆڤ پێی گەیشتووە بەڵکو تەنانەت ئەقلی نەریتیشی لەناوبردووە و لە قۆناغێکداین کە ئەقلی ئازاد بە هەموو دەولەمەندیەوە هاتۆتە ئاراوە.
بەو پێیە لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە پارادایمەکەی لەسەر بنەمای شەڕ لە دژی کۆمەڵگەبوون و ئازادیەکانە ، ژیان و بوژاندنەوەی مۆدێرنیتەی دیموکراتی یان بە واتایەکی تر " جیهانێکی نوێ " مومکینە.
هەڤالانی هێژا:
دەکرێ بە گشتی لە گفتوگۆکردنمان لەسەر مۆدێرنیتە ، بە تایبەتیش لەسەر مۆدنێریتەی دیموکراتی ، تێگەیشتنمان بۆ حەقیقەت سەرلەنوێ پەرەی پێ بدرێ . ئەو ژیانەی کە لەسەر ڕێی هەڵە ، چەپەلی و خراپی بە فێرۆ چووە دابڕێنین و ژیان بەرەو ئاراستەیەکی خۆش و باش بەرین. دەکرێ چەمکی حەقیقەت بە ڕێی فەلسەفە، هونەر و زانست کە بە شۆڕشی زهنی مۆدێنریتەی دیموکراتی کۆمەلگەیی بووە ، بەهێز بکەین و پەرە بە ژیانی ڕاست، خۆش و باش بدەین. لە ژیانی مرۆڤێک دا ، هیچ شتێک لەوە بە نرختر نیە کە مرۆڤ ڕاستیەکان ، بگەیەنێتە حەقیقەت. گەڕان بە دوای حەقیقەت بەنرخترین  کردەی مرۆڤە. ئەگەر مرۆڤ کورت بکەینەوە ، مرۆڤ ئەو بونەوەرەیە کە حەقیقەت مومکین دەکات. حەقیقەت ئەشقە ، ئەشقیش ژیانی ئازادە. لەسەر ئەو بنەمایە جارێکی تر بەرێزەوە سڵاو لە هەموو بەشداران دەکەم، جۆشم بۆ ئەو ئەنجامەی کە کۆنفرانسەکەتان پێی دەگات هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم ، ئازادی سەردەکەوێ.
لە تورکیەوە: نەجیبە قەرەداغی